دوێنی ٩ی شوباتی ٢٠٢٥ بەمەبەستی پەڕینەوە بۆ شاری هەولێر و دواکردنی مافەکانیان، مامۆستایان و فەرمانبەرانی مانگرتوو بەرەو هەولێر بەڕێکەوتن. پاش گەیشتنیان بە بازگەی 'دێگەڵەی پەدەکە' ڕێگری لە پەڕینەوەی مانگرتووان گیرا بۆ ڕۆشتنە هەولێر.
لەگەڵ مانگرتوواندا ڕۆژنامەوانان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن بۆ ڕووماڵکردنی ڕێپێوانی مانگرتووان ئامادەبوون. پاش گەیشتنیان بە بازگەکە، لەلایەن هێزەکانی سەر بە پەدەکەوە هەموو جۆرە توندوتیژی (لێدان، هەڕەشە، گازی فرمێسک ڕێژ) بەرانبەر مانگرتوان و ڕۆژنامەوانان ئەنجامدرا.
لە بارەی پێشلکارییەکانەوە هۆزان قادر ڕایگەیاند، لە یەک ڕۆژدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی هەولێرەوە ٢٢ ڕۆژنامەنووس و نۆ دەزگای میدیایی پێشێلکارییان بەرامبەر کراوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەکاتی ناڕەزایەتی دەربڕینی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە چەند ناوچەیەکی پارێزگای هەولێر بەتایبەت لەبەردەم بازگەی دێگەڵە، پێشێلکاریی جۆراوجۆر بەرامبەر دەزگای میدیایی و ڕۆژنامەنووسان ئەنجامدراون، کە سەرجەمیان جێی نیگەرانیمانن.
دەشڵێت: داواش لە هێزە ئەمنییەکان و لایەنە سیاسییەکان دەکەین ڕۆژنامەنووسان لە ململانێکان بهێننە دەرەوە و پێشێلکارییان بەرانبەر نەکەن، لێگەڕێن ڕۆژنامەنووسان ئازادانە ڕووماڵی خۆیان بکەن.
ئەوەشی خستەڕوو، لە خۆپیشاندانەکەی دوێنێی هەولێردا، پێشێلکاری بەرامبەر نۆ دەزگایی میدیایی و ٢٢ ڕۆژنامەنووس کراوە، کە نۆ ڕۆژنامەنووسیان بەهۆی گازی فرمێسکڕێژەوە تەندروستییان تێکچوو.
وتیشی: هێزێکی ئەمنی بە ئۆتۆمبێل و جلی مەدەنییەوە، بەناوی ئاسایشەوە هەڵیانکوتاوەتە سەر ئۆفیسی کەناڵی کەی ئێن ئێنلە هەولێر و دەستیان بەسەر کەلوپەلی ڕۆژنامەوانیی و مۆبایل و پێداویستییە کەسییەکانیاندا گرتووە.
هەروەها، چوار تیمی دەزگای ڕاگەیاندن لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕێگرییان لێکرا بگەڕێنەوە شاری هەولێر و تیمی دەزگای میدیایی پۆڵەتیک پرێسیش، لەکاتی وەرگرتنی لێدوان لە چالاکوانێک، لەلایەن ئاسایشەوە دەستبەسەرکراون و تائێستا ئازاد نەکراون.