جومانە غەلای، بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند: كۆمسیۆن كارەكانی لە نوێكردنەوە و تۆماركردنی داتای بایۆمەتری دەنگدەرانی هەرێم تەواو كردووە، هەروەها كۆمسیۆن كۆمەڵێك بڕیاری پەسەند كرد، لەوانە سیستمی دەنگدان، هەژماركردنەوەی دەستی دەنگەكان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و لەگەڵ پێنج سیستەمی دیكە.
راشیگەیاند، كۆمسیۆن ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق لە ١٨ی كانونی یەكەم كردووە، هاوكات ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان لە ٢٥ی شوباتی ٢٠٢٤ كردووە، هەروەها كۆمسیۆن كاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستانی لە ساڵی ٢٠٢٤ پەسەند كرد.
ئەوەشی خستە ڕوو، ئەمڕۆ شاندێكی سەرۆكاییەتی هەرێم بۆ گفتوگۆكردن لە سەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی هەرێم گەیشتوونەتە بەغدا.
لە سەرەتای مانگی ئابی ڕابردوو، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، فەرمانێكی هەرێمی دەركرد و تێیدا هاتبوو، لە ٢٥ی شوباتی ٢٠٢٤ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێت.
ئەمەش لە کاتێکدا بەشێکی بەرچاو لە حزبەکانی هەرێمی کوردستان تێبینیان لە سەر یاسای هەڵبژاردن و پرسی ژمارەی کورسیەکانی کۆتاکان، بازنەکانی هەڵبژاردن، جیاکردنەوەی دەنگەکان و پاکنەکردنەوەی لیستی دەنگدەران هەیە.
بەهۆی تەواوبوونی وادەی یاسایی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و کارانەکردنەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێم، ئەرکی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بە کۆمستیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق سپێردراوە.
هـ . ب