کۆمەڵەی یاساناسان بۆ ئازادی: بۆ دوارۆژێکی ئازاد و ئاشتی کۆتایی بە گۆشەگیری بهێنرێت
کۆمەڵەی یاساناسان بۆ ئازادی رایگەیاند کە بۆ دوارۆژێکی دیموکرات و ئازاد و ئاشتیانە، پێویستە کۆتایی بە گۆشەگیری بهێنرێت.
کۆمەڵەی یاساناسان بۆ ئازادی رایگەیاند کە بۆ دوارۆژێکی دیموکرات و ئازاد و ئاشتیانە، پێویستە کۆتایی بە گۆشەگیری بهێنرێت.
کۆمەڵەی یاساناسان بۆ ئازادی (ئۆ هە دە) لەبارەی گۆشەگیری سەر عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند کە عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد ٢٣ ساڵە لە باردۆخێکی سەختی ژیاندا لە زیندانی ئیمڕالی، لەژێر گۆشەگیریەکی رەهادایە.
راگەیەنراوەکە بەم شێوەیەیە:
" عومەر خەیری کۆنار، وەیسی ئاکتاش و حامیلی یڵدرم کە لە ساڵی ٢٠١٥دا بۆ ئیمڕالی گواسترانەوە و لەو رۆژەوە تاوەکو ئێستا لەنێو گۆشەگیریەکی قورسدان، رێگە نادرێت کە پارێزەران چاویان پێبکەویت. لە ساڵی ٢٠١١ەوە رێگە بە بەڕێز ئۆجالان نادرێت لەگەڵ پارێزەرەکانیدا چاوپێکەوتن بکات و لە ئەنجامی مانگرتن لە خوارن لە ساڵی ٢٠١٩دا لە مانگی ئایارەوە تاوەکو مانگی ئاب، ٥ جار لەگەڵ پارێزەرانی چاوپێکەوتنی ئەنجامدا. وەزیری دادی تورک ئەو کاتە لە لێدوانێدا رایگەیاند کە قەدەغەی چاوپێکەوتنی پارێزەران لەگەڵ ئۆجالان هەڵگیراوە. بەڵام دوای چاوپێکەوتنی پارێزەران لە ٧ی ئابی ٢٠١٩ تاوەکو ئێستا رێگە نەدراوە پارێزەران سەردانی بەڕێز ئۆجالان بکەن. جگە لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ پارێزەران، مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ خانەوادە و پارێزەری تایبەتیش، مافی تەلەفون و نامەش بە شێوەیەکی نەیاسایی و نادەستووری پێشێلکراوە."
لە بەردەوامی راگەیەنراوەکەدا هاتووە کە دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا لە ساڵی ٢٠١٤دا کردەوەکانی ئیمڕالی وەک ئەشکەنجە لەقەڵەمداوە و وتی، " کۆمیتەی ڕێگریکردن لە ئەشکەنجە (سی پی تی) سەر بە کۆنسەی ئەوروپا دوای هەندێک لێکۆلینەوە، گەیشتە هەمان بیر و بۆچوون. کردەوەکانی ئیمڕالی، پێشێلکردنی قورسی مافەکانی مرۆڤە. بە ملیۆنان کەس بەڕێز ئۆجالان وەک ئیرادەی سیاسی خۆیان دەبینن، بەڕێز ئۆجالان لە چوارچێوەی یاسا و ماف و دادپەروەریدا نابینرێت و لە پێگەی یاسایی بێبەشکراوە."
لە کۆتایی راگەیەنراوەکەدا باسی ئەوەکراوە ، " بۆ دوارۆژێکی دیموکرات، ئازاد و ئاشتیانە، پێویستە گۆشەگیری سەر بەڕێز ئۆجالان هەڵبگیرێت. پێویستە گەلی کورد و دۆستەکانیان، پارێزەرانی یاسا و مافەکانی مرۆب، بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیری تێکۆشانی یاسایی خۆیان فراوانتر بکەن. پێویستە بزانرێت کە سیاسەتی گۆشەگیری و نەچارەسەری تێکدەچێت. پێویستە بە زوترین کات کۆتایی بە گۆشەگیری سەر بەڕێزان ئۆجالان، حامیلی یڵدرم، عومەر خەیری کۆنار و وەیسی ئاکتاش بهێنرێت و بتوانن لەگەڵ خانەوادە و پارێزەرانیان چاوپێکەوتن ئەنجام بدەن. تاکە چارەسەری قەیرانی یاسایی و سیاسی دەرچوونە لەم سیاسەتە کە سەپاندنی گۆشەگیری کۆتایی پێبهێنرێت و رێبازی گفتوگۆ و دانوستان تاقیبکرێتەوە."
ف.ق