"کەمینەکانی عێراق ناچار بەگۆڕینی ناسنامەی نەتەوەییان کراون"
شمیران مەرۆگڵ سکرتێری پەیوەندیی ژنی عیراقی دەڵێت: " بەهۆی تیرۆری دەوڵەتەوە پێکهاتە کەمینەکانی عێراق بۆ پاراستنی ژیانیان ناچار بە گۆڕینی ناسنامەی نەتەوەییان کراون" .
شمیران مەرۆگڵ سکرتێری پەیوەندیی ژنی عیراقی دەڵێت: " بەهۆی تیرۆری دەوڵەتەوە پێکهاتە کەمینەکانی عێراق بۆ پاراستنی ژیانیان ناچار بە گۆڕینی ناسنامەی نەتەوەییان کراون" .
هەفتەیەک لەمەوبەر لە شاری بەغدادی پایتەختی عیراق، کۆنفرانسێک لەژێر ناونیشانی (بەرەو بەدیهێنانی بنەمای دادپەروەری و یەکسانی) ئەنجامدرا کە ئامانج لی نزیکردنەوەی کوردانی فەیلی و ئێزدییەکان بوو، لە کۆنفراسەکەی شاری بەغدا ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتی و ڕۆشنبیر و سیاسەتمەدار و چالاکوانی و نوێنەرانی پێکهاتە و لایەنەکان ئامادەی کۆنفرانسەکە بوون.
شمیران مەرۆگڵ ژنە چالاکوان و سکرتێری پەیوەندی ژنی عیراقی کە بەشداربوو لە کۆنفرانسەکە، دەربارەی چەند پرسێکی تایبەت بە مافو مێژووی ڕەسەنی کەمینە و نەتەوە ڕەسەنەکانی عیراق بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا.
ڕەگ و ڕیشەیەکی نشتیمانی و کلتوری ڕەسەنیان هەیە
شمیران مەرۆگڵ سکرتێری پەیوەندی ژنی عیراقی، سبەارەت بە ڕەسەنی بوونی کەمینەکانی عیراق، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات ووتی: " لەیەکتر نزیک کردنەوە پێکهاتە جیاوازەکانی عێراق بابەتێکی زۆر گرنگە بەهۆی ئەوەی گەلی عیراق لە نەتەوە و ئاین وبیروباوەری جیاواز پێکهاتووە، پێکهاتەکانی عێراق ڕەگ و ڕیشەیەکی نشتیمانی و کلتوری ڕەسەنیان هەیە، بۆیە پێویستە پێکهاتە و کەمینەکانی عێراق مافی یەکسانی هەبێت لەگەڵ تەواوی پێکهاتەکانی ووڵات، ناکرێت چەند لایەن و پێکهاتەیەکی زۆرینە مافی کەمینەکان زەوت بکەن لەکاتێکدا ئەو کەمینانە خاوەنی مێژوویەکی ڕەسەنی ئەم خاکەن" .
کاتی ئەوەی مافی هاووڵاتی پلە یەکیان پێبدرێت
هەروەها ئەو ژنە چالاکوانە دەربارەی مافی پێکهاتە کەمینە ڕەسەنەکانی عیراق ووتیشی: " عیراق بە زۆر قۆناغدا تێپەڕیوە کە پێکهاتە کەمینەکانی عێراق ڕووبەڕووی چەواسنەوە و پەروێز کردن بوونەتەوە، لەئیستادا لە عیراق کاتی ئەوە هاتووە کە ئەو پێکهاتەو نەتەوانە مافی یەکسانی بوونی وەکو هاووڵاتیەکی پلە یەک پێبدرێت" .
مافی نەتەوەیی و کلتوریان لێ زەوت کراوە
هەروەها شمیران مەرۆگڵ ووتیشی: " ئەمرۆ ئێمە لە کۆنفرانسێکی تایبەتین بە نزیکبوونەوەی کوردانی فەیلی و ئێزدیی، لە ڕاستیدا کوردانی فەیلی لە ساڵانی ڕابردوو و لە قوناغە جیاوازەکانی دەسەلات لە عێراق ڕووبەڕووی پێشەڵکاری و پەرویزخستن و زەوتکردنی مافەکانیان بوونەتەوە تەنانەت مافی نەتەوەیی و کلتوریان لێ زەوت کراوە" .
ناچار بەگۆڕینی ناسنامەی نەتەوەییان کراون
سەبارەت بەناچارکردنی گۆڕانی ناسنامەی پێکهاتەکانی عیراق، ناوبراو ووتی: " کوردانی فەیلی بەهۆی رژێمی دیکتاتۆری پێشووی عێراق ناچار کراون پەنابەرنە بەر خێڵ و عەشیرەتی عەرەبی ناوچەکانی دیکە و ناسنامەی خۆیان بگۆڕن بۆ پاراستنی ژیانیان لە تیرۆری دەوڵەت، هەروەها ئیزدییەکان لە سەردەمی نوێدا ڕووبەرووی کۆمەڵکوژی بوونەتەوە کە دواین کۆمەڵکوژی ئێزدییەکانیش کە بووە هۆی ئەوەی ژنان و منداڵانیان برفێندرێن لەلایەن رێکخراوی تیرۆرستی داعش، لەئیستادا کاتی ئەوە هاتووە کە کوردانی ئێزدی مافی خۆیان وەربگرنەوە" .
بتوانن بە یەکسانی پێکەوە بژێن
لە کۆتایدا ژنە چالاکوان شمیران مەرۆگڵ پەیامێکی پێشکەش بە گەلی عیراق کرد و ووتی: " هیوادارم کە تەواوی نەتەوە و پێکهاتەکانی عیراق لە خاکی عێراق لەژێر ئاڵای هاوولاتی بوون بتوانن بە یەکسانی پێکەوە بژێن " .
ژ.ت