کۆن-مەد دەربارەی هەوڵەکانی "پرۆڤۆکاسیۆن" هۆشداری دەداتە گەل و ڕێکخراوەکانی کورد
پاش هێرشە نەژادپەرستییەکان لە بەلژیکا، کۆن-مەد پەیوەست بە "پرۆڤۆکاسیۆنە ناوخۆیی و دەرەکییەکان" هۆشیاری دەداتە گەل و ڕێکخراوەکانی کورد.
پاش هێرشە نەژادپەرستییەکان لە بەلژیکا، کۆن-مەد پەیوەست بە "پرۆڤۆکاسیۆنە ناوخۆیی و دەرەکییەکان" هۆشیاری دەداتە گەل و ڕێکخراوەکانی کورد.
کۆنفیدراسیۆنی جڤاکی کوردستانیان لە ئەڵمانیا (کۆن-مەد) ڕاگەیاندراوێکی نوسراوی بڵاوکردەوە، ڕایگەیاند ساڵی ٢٠٢٣ بە درووشمی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" قۆناغێکی گرنگ و ئەنجامدارمان دەست پێ کرد، پێویستە گەلی کورد بەرامبەر پرۆڤۆکاسیۆنەکان هۆشیار بێت.
کۆن-مەد تیشکی خستۆتەسەر هێرشە نەژادپەرستییەکەی بەلژیکا و دەڵێت: "بێگومان ئەم هێرشە پرۆڤۆکاسیۆنێکی پلان بۆ داڕێژراوی دەوڵەتی فاشیستی تورک و دەزگا هەواڵگرییەکەیەتی. هەڵبەت شتێکی سرووشتییە بەرامبەر ئەم هێرشانە مافە دیموکراتیکەکانی خۆمان بەکاربهێنین و ناڕازەیەتی دەرببڕین. لەگەڵ ئەوەشدا، پێویستە چەند خاڵێک ڕوون بکەینەوە".
کۆن-مەد ئاماژە بەوە دەکات لە ئاهەنگی نەورۆزی فرانکفۆرتدا ئیرادەی هاوبەشی کوردانی چوار پارچەی کوردستان و داخوازی یەکێتی گەلی کورد بەڕوونی دەرکەوت، دەڵێت: "لەم قۆناغەدا، پێشکەوتن و دەسکەوتە جڤاکییەکان بوونەتە مایەی جۆش و وزەیەکی مەزن. بۆ ڕەشکردن و بچوککردنەوەی گەلی کورد و ڕێکخراو و دامەزراوەکانی کورد کە تێکۆشانی ئازادی بەڕێوەدەبەن، هەموو جۆرە هەوڵێکی پرۆڤۆکاسیۆن دەخرێتەگەڕ.
هێرشەکانی ئەم دواییە لە بەلژیکا دژی کوردان کە بەدەستی هەواڵگریی دەوڵەتی فاشیستی تورک پێکهات، بەڕوونی ئەم ڕاستییە دەسەلمێنێت".
کۆن-مەد بانگەواز لە گەلی کورد و ڕێکخراوەکانی دەکات نەکەونە داوی هەوڵەکانی پرۆڤۆکاسیۆنەوە و دەڵێت: "بێگومان گەلەکەمان بەرامبەر هەموو هەوڵە قێزەونەکان لەدژیان، بێدەنگ نامێنێت و وەڵامی پێویست دەداتەوە. بەڵام ئەوەش گرێدراوە بە سنوور و پێوەرە دیموکراتیکەکانەوە، بەبێ بەزاندنی سنوورەکانی خۆپاراستنی ڕەوا.
وەک کۆن-مەد دیسانەوە بانگەواز لە گەلەکەمان دەکەین بەرامبەر هێرشە نەژادپەرستیەکان بێدەنگ نەبن، هاوکات بەرامبەر هەوڵەکانی پرۆڤۆکاسیۆن هۆشیاربن".