پارتی چەپی سەوز لە چوارچێوەی کارەکانی خۆرێکخستنەوەدا 'کۆنفڕانسی گەورە'ی سازکرد. کۆنفڕانسەکە لە ناوەندی کولتوری نازم حیکمەت بە دروشمی "رێکخستن ئازادییە" دەستیپێکرد.
٨٠٠ نوێنەر لە کوردستان و تورکیاوە بەشدارن لە کۆنفڕانسەکەدا و لەگەڵ دەستپێکردنی کۆنفڕانسەکە بە بێ پسانەوە دروشمەکانی "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "بژی بەرخودانی کۆبانێ" وترانەوە.
کۆنفڕانسی گەورە ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت و تیایدا هەڵسەنگاندن بۆ ئەو پێشنیازانە دەدرێت کە لە کۆبوونەوەکانی گەلدا بەرزکراونەتەوە و لە بارەیانەوە بڕیار دەدرێت.
کۆنفڕانسەکە بە هەڵبژاردنی دەستەی دیوان و یەک خولەک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لەیادی گیانبەختکردووانی تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسی دەستیپێکرد و هاووتەبێژانی پارتی چەپی سەوز ئیبراهیم ئاکن و چیدەم کلیچگون ئوچار وتەیان پێشکەش کرد.
ئیبراهیم ئاکن بە سڵاوکردن لە سیاسەتمەدارانی بەدیلگیراو دەستی بە قسەکانی کرد و وتی، "لە کەسایەتی سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ بە خۆشەویستیەوە سڵاو لە سەرجەم هاوڕێیانمان دەکەم کە لە زیندانەکاندا بە دیل گیراون، لەو بڕوایەدام کە بە پاڵپشتی ئەوان نەخشەرێگەیەکی بەهێزتر دەستنیشان دەکەین".
ئاکن سەرنجی بۆ سەر گۆشەگیرکردنی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان راکێشا و رایگەیاند، دەبێت پرسی گۆشەگیری وەک بابەتێک کە تەنیا بەرامبەر کەسێک دەکرێت، هەڵنەسەنگێندرێت.
ئاکن ئەوەسی خستەڕوو "بابەتەکە بە سیاسەتی گۆشەگیرییەوە دەستیپێکردووە، بەڵام گۆڕدراوە بۆ سیاسەتێک لە دژی مافەکانی مرۆڤ، پێشێلکردنی یاسا، کردەوە نادیموکراتیک کە تەواوی وڵاتەکەیان تەنیوەتەوە. هەربۆیە ئەگەر دەمانەوێت لەم دەسەڵات رزگارمان بێت، پێویستە ئەوانەی بەرهەڵستی دەسەڵات دەکەن و ئۆپۆزسیۆنن ئاگاداری ئەو بابەتە بن و بەم جۆرە سیاسەت بکەن. ئەگینا بە نەبوو دانانی ئێوە ناتوانن لەم وڵاتەدا سیاسەت بکەن".
لە بەرامبەر سیاسەتی دوو جەمسەری، رێگەی سێهەم هەیە
ئاکن ئاماژەی بەوەشکرد، کە لەو وڵاتەکەدا هەوڵ دەدرێت سیاسەت لەنێوان دوو جەمسەردا قەتیس بکرێت و ئەوەی خستەڕوو کە بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵاتداری ئایینپەرستی نەتەوەپەرست و دیکتاتۆر بە خوڵقاندنی جێگرە و ئاڵترناتیڤی نوێ دەبێت، بۆ ئەوەی هیوا بە کۆمەڵگا ببەخشرێت و ئەو جێگرەوە نوێیە رێگەی سێهەمە، کە بریتیە لە بونیادیانی داهاتوویەکی هاوبەش بۆ سەرجەم چەوساوەکان. تەنیا لەو رێگەیەوە دەتوانرێت بەرهەڵستی ئەم دەسەڵاتەی ئێستا بکرێت.
مێشکی دەوڵەت کێشەی کورد ناخوێنێتەوە
هاووتەبێژی پارتی چەپی سەوز چیدەم کلیچگون ئوچار باسی لەوەکرد، کە ئەوان بەدەوری جەوهەری پاڕادیگما و پشتیوانی و پاڵپشتی هەدەپە کۆبوونەوە و وتیم "ئاکەپە نەیتوانی پاڕادیگمای هەدەپە لەناو ببات، رێنیشاندەری تێکۆشانی پارتی چەپی سەوز پاڕادیگمای هەدەپە کە ئێمە لەپێناویدا رەنجمان داوە".
چیدەم کلیچگون ئوچار رایگەیاند کە لە تورکیا کێشەی بنجینەیی کێشەی کوردە، بەڵام مێشکی دەوڵەت ئەو کێشەیە ناخوێنێتەوە و نکۆڵی لەبوونی دەکات و وتی، "کێشەی کورد، کێشەی نکۆڵی و سڕینەوەیە. ئەگەر مرۆڤ دەیەوێت لە ئاستی هەنوکەیی کێشەکە تێبگات، تەنیا سەرنج بدەنە سەر رووداوەکانی یەک هەفتە یان ١٠ رۆژی رابردوو، کە روویانداوە. تەرمی رۆڵەکانی گەلەکەمان لە ناو سندووقدا رادەستی بنەماڵەکانیان دەکرێتەوە. ئاکەپە و مەهەپە سەرکێشی دەوڵەت دەکەن، سیاسەتی شەڕی نائەخلاقی بەڕێوەدەبەن. جل و بەرگی سوتاوی حەزنی ئینان کە کچی دایکە تایبەت بوو کە تەرمەکە ٧ رۆژ لەسەر شەقام هێڵرایەوە، لە چەند رۆژی رابردوودا لەناو کیشەیەکدا رادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە. دەبێت مرۆڤ ئەوە بڵێت؛ رۆژەڤی بنەڕەتی و راستەقینەمان دەبێت ئەوە بێت. تا ئەوە تێکنەشکێنرێت، نە گەلی کورد دەتوانێت بەرەو ئامانجەکەی بچێت، نە گەلانی تورکیا دەتوانن بەرەو ئامانجەکانیان بچن".
چیدەم کلیچگون ئوچار لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بە پشێلکارییەکان لە زیندانەکان کرد و وتی، "لە ساڵی ٢٠٢٢دا لە زیندانەکاندا ٨١ کەس ژیانیان لەدەستداوە، ٥٦١ زیندانی کە نەخۆشی درێژخایەن و قورسیان هەیە و زیاتر لە هەزار و ٥٠٠ زیندانیش نەخۆشن".
گۆشەگیریش یەک لە پرسە گەرمەکانە
چیدەم کلیچگون ئوچار هەروەها وتی، "کاتێک مرۆڤ باس لە کێشەی کورد دەکات، بێگومان یەک لە ناونیشانە سەرەکی و گرنگەکان گۆشەگیریە. پرسی کورد پرسی 'ئەمنی' نییە. پرسی کورد پرسی دیموکراسی، ئازادی و قەوارەیە.
چیدەم کلیچگون ئوچار دەستنیشانی کرد کە گوشار و زۆرداری چەندەش دژواربێت ئەوان لە پێناو کۆتاییهێنان بە گۆشەگیری درێژە بە تێکۆشانی خۆیان دەدەن.
کۆنفڕانسەکە بە گفتوگۆی نوێنەران لەبارەی سەردەمی نوێ بەردەوامە.
هـ . ب