کۆنگرەی گەل: ئامانجمان، ئازادی ڕێبەر ئاپۆیە

دیوانی هاوسەرۆکایەتی کۆنگرەی گەل، لە ٢٦ هەمین ساڵیاددا، پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی ٩ ی تشرینی یەکەمی بەتوندی شەرمەزار کرد و دەستنیشانی کرد لە ساڵی نوێدا دژی پیلانگێڕیی گۆشەگیری دەشکێنن.

دیوانی هاوسەرۆکایەتی کۆنگرەی گەل دەربارەی ساڵیادی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند دژی پیلانگێڕیی لە ٢٧ هەمین ساڵی تێکۆشاندا وەک گەل و تەڤگەر لەگەڵ دۆستەکانمان کاردەکەین بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان.

ڕاگەیاندراوەکە بەم جۆرەیە:

"لە ٢٦ هەمین ساڵیادی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی ٩ ی تشرینی یەکەم، هەموو هێزە پیلانگێڕەکان بەتوندی شەرمەزار دەکەین. پیلانگێڕان دەیانویست لە کەسێتی ڕێبەر ئاپۆدا ئایندەی گەلی کورد و هیوای ئازادی لەناوببەن. بەڵام پەکەکە و گەلی وڵاتپارێزمان لە دەوری ڕێبەر ئاپۆ کۆبوونەوە و ئەو پلانە چەوتەیان تێکشکاند.

لە کەسێتی هەڤاڵان خالید ئۆراڵ و سەلامەت مەنتەش و ئاینور ئارتان و محەمەد گول کە بە درووشمی "ناتوانن ڕۆژەکەمان تاریک بکەن" دژ بە پیلانی پیلانگێڕان بوون بە ئەڵقەی ئاگر لە دەوری ڕێبەر ئاپۆ و بوون بە پێشەنگی فیدایی و ڕێبەر ئاپۆیان پاراست، هەموو شەهیدەکانمان بە خۆشەویستی و ڕێز و سوپاسەوە بیردەهێنینەوە و دڵسۆزی خۆمان بۆ ئامانجەکانیان دووپات دەکەینەوە.

ئەو هێزەی لە جەنگی جیهانی یەکەمدا جوگرافیای کوردستانی دابەشکرد، گەلی ئێمەی لە ڕێککەوتنی لۆزاندا لەبەرچاو نەگرت و ڕادەستی سیاسەتەکانی پاکتاوکردن و نکۆڵی دەوڵەتی قڕکەری تورک بوو و هێشتاش بەردەوامە لەم پشتگیرییە، زیهنیەتی ناوەندی سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییە.

گەلی کورد کە لەلایەن مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییەوە دابەشکرا و سیاسەتی نکۆڵیکردن و پاکتاوکردنی بەسەردا سەپێندرا، لەڕێگەی تێکۆشانی داستانئامێزی ڕێبەر ئاپۆوە بە ناسنامەی "کوردی ئازاد" خۆی ئافراندەوە و پێشکەوتنی گەورەی لە چوار پارچەی کوردستان و دەرەوەی وڵات بەدەستهێنا.

ئەوکاتەی گەلی کورد بە سیاسەتی هاوبەشی دەوڵەتی چەوسێنەری تورک و مۆدێرنیتەی سەرمایەداری لەبەردەم لەناوچووندا بوو، ڕێبەر ئاپۆ ئەم گەلەی ڕزگارکرد و گەیاندی بە شوێنێک کە بووە هیوای گەلان  و بندەستان، لەبەرئەوەی پلانە هەرێمەکانی پاکتاو و نکۆڵیکردنی لەناوبرد، بۆیە بووە ئامانجی هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری.

وەک هەنگاوی دەسپێکی پلانی سەرکوتکردنی داخوازی ئازادی گەلانی هەرێمەکە، تاوەکو بە پلانی پرۆژەی ڕۆژهەڵاتی ناوینی مەزن دووبارە هەرێمەکە دیزاین بکەنەوە، پیلانگێڕیی نێونەتەوەییان دژی ڕێبەر ئاپۆ ئەنجامدا.

ئەو زیهنیەتەی پیلانگێڕیی ٩ ی تشرینی یەکەمی داڕشت و بەجێی هێنا، وە ئەو زیهنیەتەی لەڕێگەی پەیماننامەی لۆزانەوە سیاسەتی قڕکردنی لەسەر گەلی کورد سەپاند، هەمان زیهنیەت و ناوەندی ستراتیژییە.

ئەم پرۆسەیە کە بە پیلانگێڕی دژی ڕێبەر ئاپۆ دەستی پێ کرد، لەگەڵ پڕۆژەی ڕۆژهەڵاتی ناوینی مەزن، بەهاری عەرەبی، لەگەڵ ئەو وێرانکارییەی لەڕێی بەڵاکانی وەک داعش و ڤێرژنە سەلەفیەکانی دیکە لەسەر گەلی هەرێمەکە سەپێنرا، لەگەڵ ئەو شەڕەی کە تورکیا لە هەموو گۆڕەپانێک دژی گەلی کورد بەڕێوەی دەبات، لەگەڵ شەڕی ئیسرائیل-فەلەستین-ئێران-حیزبوڵا، لە چوارچێوەی جەنگی جیهانی سێیەمدا بڵاودەبێتەوە.

ڕێبەر ئاپۆ لە پارێزنامەکەیدا گوتی "پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی چاوی منی بەڕووی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری کردەوە، توانیم ڕاستی مۆدێرنیتە قووڵتر ببینم". ئەمە وایکرد ڕێبەر ئاپۆ بەدوای پارادایمێکی ئەڵتەرناتیڤ بگەڕێت. لە ئەنجامی قووڵبوونەوەیەکی بەهێزدا، پارادایمی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک (سیستەمی نەتەوەی دیموکراتیک و کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک)ـی ئافراند، بەمەش وەڵامی پیلانگێڕان و پلانەکانیانی دایەوە.

ڕێبەر ئاپۆ گوتی، پارێزنامەکانم لە کوێ بن، منیش لەوێم. پارادایمەکەی کە پشت دەبەستێت بە کۆمەڵگەی ئیکۆلۆژیک و دیموکراتیک و ئازادیپارێزی ژن، لەڕێگەی شۆڕشی ڕۆژئاوا کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە. شۆڕشی ڕۆژئاوا کە گەل و باوەڕەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریای لەسەر بناغەی ئازادی و یەکسانی تێیدا بەشداربوون، لە تەواوی جیهان دەنگی دایەوە. ڕێبەر ئاپۆ کە پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی بەسەردا سەپێنرا، پارادایمی ئازادییەکەی لە تەواوی جیهان بڵاوبوویەوە.

بڵاوبوونەوەی فیکری ڕێبەر ئاپۆ ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە سیستەمی گۆشەگیری ڕەهای ئیمراڵییەوە هەیە. سیستەمی ئیمراڵی کە بە پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی دروست بووە، نیشانەیەکی ڕوونی سیاسەتە هاوبەشەکانی دەوڵەتی تورک و هێزەکانی مۆدێرنیتەیە لە دژی گەلی کورد.

وەک چۆن لە تورکیادا هەبوونی گەلی کورد نکۆڵی لێ دەکرێت و بە هەموو شێوەیەک لە هەموو ماف و یاسایەک بێبەش دەکرێن، ڕێبەری گەلی کورد ڕێبەر ئاپۆش لە ئیمراڵی لە هەموو جۆرە ماف و یاسایەک بێبەشە. یاسای نەتەوەیی و نێونەتەوەیی لە دوورگەی ئیمراڵی جێبەجێ ناکرێت، بەتەواوی جێهێڵراوە بۆ سیاسەتی ئارەزوومەندانەی فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە.

 بڕیارەکەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا، کە تێیدا هاتبوو دادگاییکردنی ڕێبەر ئاپۆ یاسایی نییە و پێویستە دووبارە دادگایی بکرێتەوە، بڕیاری تایبەت بە "مافی هیوا"ش لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە جێبەجێ ناکرێت. سەرەڕای ئەمەش، کۆمیتەی وەزیرانی کۆنسەی ئەوروپا لە دە ساڵی ڕابردوودا هیچ ڕێکارێکی بەسەر دەوڵەتی تورکدا نەسەپاند و بەهۆی ئەم نەرمی‌نواندنەوە سیستەمێکی دوور لە یاسا لە ئیمراڵی پێکهات.

لە دوورگەی ئیمراڵی لەبەرئەوەی یاسا نییە و دیدارە یاساییەکانی بنەماڵە و پارێزەران ئەنجام نادرێت، ٤٣ مانگە زانیاری دەربارەی ڕێبەر ئاپۆ و سێ هەڤاڵی تر لە دوورگەکە نییە.

بۆیە هەڵمەتی ئازادی لەلایەن دۆستانی ڕێبەر ئاپۆ لە ساڵی ڕابردوو لە هەموو جیهان بە درووشمی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" دەستی پێ کرد. ئەم هەڵمەتە ساڵێکی تێپەڕاند و پێشکەوتنی باشی بەدوای خۆیدا هێناوە.  

کۆمیتەی وەزیرانی کۆنسەی ئەوروپا ئەمە ١٠ ساڵە بڕیارێکی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپای جێبەجێ نەکردووە، لە کۆبوونەوەی ئەیلوولی ڕابردوو، ساڵێک مۆڵەتیان دا بە دەسەڵاتی فاشیستی ئاکەپە_مەهەپە. دەبوو ئەم بڕیارەی دادگا دەستبەجێ جێبەجێ بکرێت. داوای ڕوون و یەکلاکەرەوەیان بکردایە.

ساڵی ٢٦ی پیلانگێڕی ٩ی تشرینی کۆتایی دێت و دەچینە ساڵی ٢٧ی تێکۆشانەوە. بەهەمان شێوە دەستپێشخەری "ئازادی بۆ عەبدوڵڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" دەچێتە ساڵی دووەمی خۆیەوە.

لەم قۆناغەدا کە جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی ناوین دەگۆڕێت بۆ ئەڵقەی ئاگر، قۆناغێکە کە شەڕ و چارەسەر پێکەوە بەرەوپێش دەچن. بەهۆی داڕمان و شکستی جددی ئابووری لەئەنجامی بەردەوامی شەڕی سەرتاسەرییەوە، دەسەڵاتی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپەش لە قۆناغی داڕمانی سیاسیدایە.

بۆیە ساڵی ٢٧ی تێکۆشان دژی پیلانگێڕیی ٩ی تشرینی یەکەم دەبێتە ساڵێکی تێکۆشان بۆ شکاندنی گۆشەگیریی ئیمراڵی و دەستپێکردنی قۆناغی ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ دەبێت. وەک گەل و تەڤگەر لەگەڵ هەموو پێکهاتەکانی تەڤگەری ئازادی و دۆستانمان بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ کۆدەبینەوە. هەموو خەباتەکان لەسەر ئەم بناغەیە ئەنجام دەدرێن.

بونیاتنانی "پارادایمی ئازادی"ـی ڕێبەر ئاپۆ، واتە دامەزراندنی سیستەمی خۆڕێکخستن لە بواری کۆمەڵایەتییدا، مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ سەرکەوتنی هەڵمەتی ئازادی. بۆیە ئەو خەباتەی لەسەر بناغەی بنیاتنانی کۆمەڵایەتی بەگوێرەی پێوەرەکانی نەتەوەیی دیموکراتیک دەکرێن، لەم قۆناغەدا خەباتی ستراتیژی بنەڕەتیین. پێکەوە ئەنجامدانی خەباتی بنیاتنان و هەڵمەتی ئازادی، کلیلی چارەسەرە.

لەسەر ئەم بناغەیە بۆ ئەوەی تێکۆشان دژی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی لە ساڵی ٢٧ هەمیندا، ببێتە ساڵی شکستی فاشیزمی ئاکەپە_مەهەپە و خیانەتی بارزانی، بە ئامانجی ئەوەی ئەم ساڵ ببێتە ساڵی ئازادی، هیوای سەرکەوتن بۆ گەلەکەمان و دۆستانمان دەخوازین".