لە ڕاگەیاندراوەکەی مەجلیسی جێبەجێکردنی کەنەکەدا هاتووە:
«لە ٧ ـی نیسان، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا فڕۆکەخانەی سلێمانی کردە ئامانج، ئەم دەستدرێژییانەی تورکیا درێژەدانە بە کوشتار و جینۆسایدی گەلی کورد، پێویستە هەموو جیهان و بەتایبەت گەلی کورد و هێزە کوردستانییەکان، هەڵوێستێکی توند بنوێنن دژی ئەم هێرشە.
هەمووان دەزانین ئەردۆگان بە قۆناغێکی سەختدا دەگوزەرێت، بەتایبەت هاوپەیوەند بە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانەوە، بۆیە هەوڵی جێبەجێکردنی هەندێک هێرش دەدات بۆ سەر بزووتنەوە و ڕێبەرانی کورد.
ئێمە بە هیچ جۆرێک ئەم دەستدرێژییانەی دەوڵەتی تورکیا قبووڵ ناکەین، لەژێر هەر هۆ و پاساوێکدا بێت. هەروەک دەمانەوێت باس لە هەڵوێستی هەرێمی کوردستان بکەین لەم بارەیەوە، ئەوەتا بەناوی وتەبێژی فەرمیی حکومەتەکەوە، جووتیار عادل، ڕەوایەتی دەبەخشێتە ئەم دەستدرێژییانەی دەوڵەتی تورکیا و لۆمەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان دەکرێت.
لێدوانەکەی جووتیار عادل شۆکهێنەر و سەیرە، دەبوو بەتوندی دژی ئەم دەستدرێژییانە بوەستێتەوە و سەرکۆنەیان بکات، لەبری لۆمەکردنی کۆنگرەی نەتەوەیی کورستان و کوردەکان بەگشتی.
ئەمە دەستدرێژییەکە بۆ سەر گەلی کورد و دەسکەوتە مەزنەکانی ئەم گەلە، بۆیە نابێت هیچ کەسێک بە هەر پاساوێک ڕەوایەتی بداتە ئەم دەستدرێژییە یان بەرامبەری بێدەنگ بێت، هەرکەس وەها بکات، پاڵپشت و هاندەری دەوڵەتی داگیرکەری تورکیایە.
دووبارە داوا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەگژاچوونەوەی تیرۆر و نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەوروپا و هێزە دیموکراتیخوازەکان و هێزە سیاسییە کوردی و کوردستانییەکان دەکەین، هەڵوێستی جدی و توند وەربگرن دژی ئەم دەستدرێژییە و سەرکۆنەی بکەن».