کەنەکە نیگەرانی دۆخی نێوان پەدەکە و پەکەکە-یە و ژووری قەیرانەکانی دروست کرد

کەنەکە، لە بانگەوازییەکدا نیگەرانی لە دۆخی نێوان پەدەکە و پەکەکە دەربڕیوە و داوا دەکات، هێزە چەکدارەکان ببرێنەوە شوێنەکانی پێشوویان و بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکەش ژووری قەیرانەکانی درووست کرد و شاندێکیش ڕەوانەی باشوری کوردستان دەکات.

کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان - کەنەکە، سەبارەت بە ئاڵۆزیەکانی نێوان پەدەکە و پەکەکە و لەشکرکێشی پەدەکە بۆ سەر ناوچەکانی  گەریلا، بانگەوازییەکی داوە و تێدا، نیگەرانی لە دۆخی نێوان پەدەکە و پەکەکە دەربڕیوە و ئاماژەی بەوەداوە، لە پێناوی سەختر نەبوونی دۆخەکە، کۆمیتەیەکی کار ( ژووری قەیرانەکان)ی درووست کردوە و شاندێکیش ڕەوانەی باشوری کوردستان دەکەن.

تەواوی بانگەوازیەکەی کەنەکە:

وێڕای دەربڕین نیگەرانی لە دۆخی نێوان پەدەکە و پەکەکە داوا دەکات هەر دوولا هێزە چەکدارەکانیان کە نزیکی یەکتر بوونەتەوە، بکێشنەوە شوێنەکانی پێشوویان.
دوای ئەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی پارتی دیموکراتی کوردستان بەرەو ناوچەی گارا و هەندێ شوێنی تری نزیک سەنگەری گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان جووڵەیان پێکرا، ئاڵؤزییەک دەستی پێکرد و هەتا دێت زیاتریش ئەبێت. ئەمڕۆش ٢٠٢٠/١١/٠٤، هەندێک رووداوی نەخوازراو روویاندا. کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان- کەنەکە نیگەرانی ئەم دۆخەیە و بە هەستیاریی لێی ئەڕوانێت. بۆئەوەی دۆخەکە سەختتر نەبێت و نەبێتە هۆی شەڕ و پێکدادان، کەنەکە داوا لە لایەنەکان ئەکات هێزە چەکدارەکانیان کە نزیکی یەکتر بوونەوە، ببەنەوە شوێنەکانی پێشوویان. پێویستە ئەو کێشەیە بە دیالۆگ چارەسەر بکرێت. هەروەها ئێمە داوا لە هەموو پارت و رێکخراو و کەسایەتییە کوردستانییەکان ئەکەین بجووڵێن و نەهێڵن هێزە کوردییەکان رووبەڕووی یەکتر ببنەوە.

ئێستا کاتی ئەوە نییە ئێمە هێزەکانمان لە دژی یەکتر بەکار بێنین. جگە لە بەشێکی کەم نەبێت، هەموو کوردستان لە ژێر داگیکاریدایە. پێویستە ئێمە هەموومان یەکڕیز بین و لەبەرامبەر داگیرکەراندا راوەستین. مێژوو و شەهیدان و خەڵک، ئەوە لە ئێمە ئەخوازن.

سەبارەت بەو دۆخە هەستیارە، کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان کۆبوونەوەیەکی ئاوارتەی کرد و ئەم بڕیارانەی خوارەوەی دا:
 
١. بۆئەوەی هەنگاو بە هەنگاو بەدوادچوون بۆ دۆخەکە بکات، کۆمیتەیەکی کار ( ژووری قەیرانەکان)ی درووست کرد.
 
٢. بڕیار درا شاندێکی ك ن ك بچێتە باشووری کوردستان و لەگەڵ هەموو لایەنەکان بکەوێتە پەیوەندی.
 
٣. لە کاتێکی نزیکدا و بەبەشداریی نوێنەرانی پارت و رێکخراو و کەسایەتییە کوردستانییەکان، کۆبوونەوەیەکی راوێژی نەتەوەیی بەرفراوان، لەسەر تۆڕی زووم ریکبخرێت.
 
کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان - کەنەکە
٢٠٢٠/١١/٠٤ بڕۆکسل

هـ.هـ