کەنەکە پەیامێکی سەرەخۆشی بە بۆنەی کۆچی دوایی کەمال مەزهەر ئەحمەدەوە بڵاوکردەوە
دەستەى بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) بە بۆنەى کۆچی دوایی مێژوونووسی ناوداری کورد دکتۆر کەمال مەزهەر ئەحمەد پەیامێکی سەرەخۆشیی بڵاوکردەوە.
دەستەى بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) بە بۆنەى کۆچی دوایی مێژوونووسی ناوداری کورد دکتۆر کەمال مەزهەر ئەحمەد پەیامێکی سەرەخۆشیی بڵاوکردەوە.
لە راگەیاندراوەکەى کەنەکەدا هاتووە، "دکتۆر کەمال کەسێکی نیشتمانپەروەر، رۆشنبیر، ئەکادیماکار و مێژوونووسێکی پڕ بەرهەم بوو. خزمەتێکی زۆری بە مێژووی گەلەکەی، بە زمان و رۆشنبیریی و کتێبخانەی کوردی کرد. مامۆستا کەمال مێژوویەکی سادەی نە ئەنووسی، بەڕیزیان بە وردی سەرنجی رەهەندەکانی مێژوویان ئەدا. بەدواداچوونی زانستیانەی بۆ کاراکتەرو جووڵە کاریگەرەکانی کۆمەڵگە ئەکرد".
کەنەکە راشیگەیاندووە، " لەدەستدانی دکتۆر کەمال وەک کەسایەتییەکی رۆشنبیر و زاناو پسپۆڕێکی مێژوو، لەم قۆناغە هەستیارەی گەلی کوردستاندا زیانێکی گەوەرەیە و جێگاکەی بۆ هەمیشە دیارئەبێت".
دەقی پەیامەکەى کەنەکە
کۆچی دوایی مێژوونووسی ناوداری کورد دکتۆر کەمال مەزهەر ئەحمەد
بە داخێکی زۆرەوە ئەمڕۆ، 16.03.2021 ئەکادیمیکار و مێژوونووسی ناوداری کوردستان، پڕۆفیسۆر کەمال مەزهەر ئەحمەد لە تەمەنی 84 ساڵیدا و لە نە خۆشخانەیەکی شاری بۆن لە ئەڵمانیا ماڵاوایی لێکردین. دکتۆر کەمال کەسێکی نیشتمانپەروەر، رۆشنبیر، ئەکادیماکار و مێژوونووسێکی پڕ بەرهەم بوو. خزمەتێکی زۆری بە مێژووی گەلەکەی، بە زمان و رۆشنبیریی و کتێبخانەی کوردی کرد. مامۆستا کەمال مێژوویەکی سادەی نە ئەنووسی، بەڕیزیان بە وردی سەرنجی رەهەندەکانی مێژوویان ئەدا. بەدواداچوونی زانستیانەی بۆ کاراکتەرو جووڵە کاریگەرەکانی کۆمەڵگە ئەکرد. هەر لەو چوارچێوەیەدا، سەرەڕای کتێب و نووسینە مێژووییە پڕبایەخەکانی تری، کتێبی لەسەر مێژووی تێکۆشانی ژنانی کورد و کرێکارانی کوردستان و عێراقیش نووسی. لە بواری کارەکەشیدا وەک مامۆستایەکی زانکۆ، بە سەدان خوێندکاری پێگەیاند. سەرپەرشتیی چەندین نامەی ماستەر و دکتۆرای کرد. بە تایبەتی لە زانکۆکانی بەغداو موستەنسریەی عێراق، وەک زاناو پسپۆڕکی کورد، لە لایەن خوێندکاران و مامۆستایانەوە رێزێکی زۆری لێ ئەگیرا.
دکتۆر کەمال بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی و رووسی و ئینگلیزی کتێب و وتاری نووسیوە. ئەندامێکی کارای کۆڕی زانیاری کورد بوو. لەو دەزگا گرنگەشەوە خزمەتێکی زۆری گەلەکەی کرد.
لەدەستدانی دکتۆر کەمال وەک کەسایەتییەکی رۆشنبیر و زاناو پسپۆڕێکی مێژوو، لەم قۆناغە هەستیارەی گەلی کوردستاندا زیانێکی گەوەرەیە و جێگاکەی بۆ هەمیشە دیارئەبێت.
ئێمە لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بە کۆچی دوایی دکتۆر کەمال مەزهەر زۆر خەمبار بووین. سەرەخۆشی لە خۆمان، لە گەلی کوردستان و خەمخۆرانی مێژووی کورد و خانەوادەی مامۆستا کەمال ئەکەین. دکتۆر کەمال مەزهەر هەروەک چۆن خزمەتێکی زۆری بە مێژووی گەلەکەی کرد، ، بە هەمانشێوەش سومبوڵێکی مێژووی گەلەکەیەتی و بۆ هەمیشە بە زیندوویی لە ناو ئەو مێژووەدا ئەژی.
ژ.ت