کەنەکە: ژینا ئەمینی قوربانییەکی دیکەی رژێمی ئێرانە و دەبێت خەڵک قبوڵی نەکات

کەنەکە له سەر کوشتنی دڕندانەی ژینا ئەمینی هاتە دەنگ و ڕاگەیاند: ژینا قوربانییەکی دیکەی رژێمی ئێرانە و دەبێتوەک خەڵکی سەقز، خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دژی بژێنە شەقامەکان.

کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان- کەنەکە، له سەر کوشتنی دڕندانەی ژینا ئەمینی خەڵکی شاری سەقز، بە ڕاگەیەندراوێک هاتە دەنگ.
کەنەکە ڕاگەیاند: ژینا قوربانییەکی دیکەی رژێمی ئێرانە و دەبێتوەک خەڵکی سەقز، خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دژی بژێنە شەقامەکان و ناڕەزایەتی پیشان بدەن و چیدی ئەو هێرش و دەستدرێژیانە قبووڵ نەکەن. بەتایبەتیش ژنان کە راستەوخۆ ئەم جۆرە تاوانانە رووی لە ئەوانە، بێدەنگ و بێهەڵوێست نەبن.

تەواوی ڕاگەیەندراوەکەی کەنەکە...

داگیرکارانی کوردستان بۆ لەناوبردنی خەڵکی کوردستان لەهیچ شێوازێکی ئەشکەنجەو کوشتن سڵ ناکەنەوە. بە پاساوو بیانوی بێ بنەما لە ئەنجامدانی تاوانەکانیان بەردەوامن. ژینا ئەمینی (مەهسا) کچێکی تەمەن ٢٢ ساڵانی خەڵکی سەقز، لە سەفەرێکدا بۆ تاران بە بیانووی سەرپۆش لە لایەن یەکەی بەدناوی پۆلیسی ناسراو بەپۆلیسی ئاسایشی ئەخلاقی دەستگیر دەکرێت. دواتر لەژێر ئەشکەنجەدا شەهیدی دەکەن. تاوانێکی لەو چەشنە نەکو هەر بە ئاشکرا ژێرپێخستنی مافەکانی مرۆڤە، بەڵکو کۆی یاساو رێساکانی رژێمێکی دیکتاتۆرو دڕندە ئەخاتە بەردەم پرسیارگەلی ئەخلاقی و یاسایی و سیاسیش.
چەند رۆژێک پێش ئەو تاوانەش، خۆفرۆش و نۆکەرێکی رژێم لە شاری مەریوان ویستی دەستدرێژیی بکاتە سەر کچێکی گەنج، ئەویش بۆ پاراستنی ئابڕووی خۆی، لە بانیژەيی ماڵەکەوە خۆی هاویشتە خوارەوەو گیانی لەدەستدا.
ئەم هەموو شێوازە جیاوازانەی تاوان لەو وڵاتەدا لە لایەن دەزگا رەسمی و نانیزامییەکانی رژێمەوە بە بەرچاوی دنیاوە پەیڕەو دەکرێن. ئەمانە سەرەڕای کپکردنی هەموو دەنگێکی ئازاد و دادپەروەر، بوون بە سیمای رژێمی ئێران.
ئێمە لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بە توندی ئەو تاوانانە و ئەنجامدەرانی ریسواو شەرمەزار دەکەین. سەرەخۆشی لە بنەماڵەو هاوڕێ و دۆستانی قوربانیان دەکەین. داوادەکەین خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان هەروەک چۆن خەڵکی سەقز رژاونەتە شەقامەکان و لەدژی ئەو تاوانانە دەنگیان هەڵبڕیوە، بە هامانشێوە لە شوێنەکانی تریش ناڕەزایەتی پیشان بدەن و چیدی ئەو هێرش و دەستدرێژیانە قبووڵ نەکەن. بەتایبەتیش ژنان کە راستەوخۆ ئەم جۆرە تاوانانە رووی لە ئەوانە، بێدەنگ و بێهەڵوێست نەبن.
 
کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان
17.09.2022 برۆکسل

هـ.هـ