کۆنسەی ئەوروپا ناڕەزایەتی دەربڕی بەرامبەر زیندانیکردنی ئیمام ئۆغلو

سەرۆکی کۆنگرەی ئیدارەی خۆجێی و هەرێمییەکانی کۆنسەی ئەوروپا مارک کوڵز بڕیاری زیندانیکردنی سەرۆکی شارەوانی ئیستەنبوڵ ئەکرەم ئیمام ئۆغلوی بەتوندی شەرمەزار کرد و داوای کرد دەستبەجێ ئازاد بکرێت.

لەسەر ناوی کۆنگرەکە، مارک کوڵز گوتی: "لەکاتێکدا ئیمام ئۆغلو دەکرێتە کاندیدی پارتەکەی بۆ سەرۆککۆماری، زیندانی دەکرێت. زیندانیکردنی ئیمام ئۆغلو هیچ پەیوەندییەکی بە دادپەروەری و سیاسەتەوە نییە. ئەمە هەوڵێکە دژی یەکێتی و دادوەریی پرۆسەی هەڵبژاردن و هێرشێکە دژی دیموکراسی".

بانگەوازی لە بەرپرسانی تورک کرد، بەڵێنەکانیان جێبەجێ بکەن، گوتی: "ئازادی بیروڕا و خۆپیشاندان مافێکی سروشتییە، ڕۆڵی ئۆپۆزیسیۆن لە کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا، زۆر گرنگە".

هەروەها جەختی کردەوە لەنزیکەوە چاودێری ڕەوشەکە دەکەن و لە دانیشتنی ٢٧ ی ئادار لە ستراسبۆرگ بابەتی دوورخستنەوەی سەرۆکی شارەوانییەکانی تورکیا وەک بابەتێکی گرنگ هەڵدەسەنگێنن. لەو دانیشتنەدا ڕەوشی ئیمام ئۆغلو و دۆسیە هاوشێوەکان تاوتوێ دەکرێن.