کوردستانیان لە وڵاتی سوید لەگەڵ دۆستەکانیان لە ستۆکهۆڵمی پایتەخت ڕێپێوانێکیان ئەنجامدا بۆ سەرنج خستنەسەر تاوانە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورک، کە بەرامبەر بە گەریلا بە چەکی کیمیایی ئەنجامیان دەدات. داواشیان لە ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان کرد بە ئەرکەکانی خۆیان هەستن.
کوردستانیانی شارەکانی گاڤلە، ڤیستراس، ئۆپسالا و ستۆکهۆڵم بە جلی سپییەوە، کە رەنگی سووری هاوشێوەی پەڵەى خوێنیان لەسەر دروستکرابوو لە شاری ستۆکهۆڵمی پایتەختی وڵاتی سوید کۆبوونەوە تاوەکو سەرنجەکان راکێشن بۆ سەر ئەو چەکە کیمیاییانە، کە لە دژی گەریلا بەکاردەهێنرێن.
کوردستانیان لەگەڵ دۆستەکانیان لە پارکی نۆرا بانتۆرگێتەوە بە بەرزکردنەوەى پۆستەر، کە لەسەریان ئاماژە بە تاوانەکان و دڕندەیی دەوڵەتی تورکیان کرابوو، بە رێپێوان رۆیشتن بۆ بەردەم پەرلەمانی سوید (مینتۆریەت).
پێش ئەوەی چالاکوانان بگەنە بەردەم پەرلەمان، چالاکوانان بۆ چەند خولەکێک لە ناوەندی شار لە سەر زەوی راکشان و بەوەش سەرنجیان خستە سەر دڕندەیی و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتیی دەوڵەتی تورک.
لە چالاکییەکەدا بە بەردەوامی دروشمەکانی "بژی بەرخۆدانی گەریلا" بە زمانی ئینگلیزی و سویدی دەوترانەوە.
هەروەها چالاکوانان دروشمەکانی "ئەردۆغانی فاشیست"، "بکوژ ئەردۆغان"، "بۆ کوشتنی کورد چەک بە دەوڵەتی تورکی فاشیست نەدەن"یان دەوتەوە.
دوای ئەوەی چالاکوانان گەیشتنە بەردەم پەرلەمانی سوید و لە دوای خولەکێک رێزگرتن بۆ یادی شەهیدان، نادیە ساڵح هاوسەرۆکی ناوەندی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کورد لە سکاندیناڤیا (NCDK-Skandînavya) وتەیەکی پێشکەش کرد.
نادیە ساڵح وتی: "گەریلا بۆ ئێمە سیمبولی بەرخۆدان و شەرەف و شکۆن، بەڵام ئەمڕۆ بە چەکی کیمیایی دەکوژرێن. ئەوان پارێزەری شەرەف و شکۆی کوردن و پێویستە هەموو کوردەکان لەسەرتاسەری جیهان بڕوا بە وشەی مافی مرۆڤ، یان پێوەرە نێودەوڵەتییەکان نەبێت، چونکە ئەمڕۆ ئێمە بە چەکی کیمیایی دەکوژرێین، کە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و پاکتاوکەریان داوە تاوەکو لە دژی گەلی کورد بەکاری بهێنێت".
نادیە ساڵح لە بەردەوامیدا بانگەوازی بۆ خەڵکی باشووری کوردستان هەبوو و وتی: وەک چۆن کاتی هاتنی چەتەکانی داعش، گەریلا قارەمانانە چوونە سەنگەر و بەرەکانی شەڕ و گیانی خۆیان بەخت کرد و گەل و خاکی وڵاتیان پاراست، پێویستە ئێستاش ئەوە لەبیر نەچێت و پشتیوانیی خۆیان بۆ گەریلا نیشان بدەن. بێدەنگیی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و بەتایبەتی رێکخراوی رێگریکردن و قەدەغەکردنی چەکە کیمیاییەکان (ئۆ پی سی دەبیلو - OPCW) بەرامبەر بە کردەوە دڕندانە و دژ بە مرۆڤایەتییەکانی دەوڵەتی تورک بە توندی شەرمەزار دەکەین".
دوای پێشکەشکردنی وتەکان، چالاکوانان بە جلی سپییەکانیانەوە لەسەر زەوی راکشان و گفتوگۆیان دەربارەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە دژی گەلی کورد بە زمانی سویدی کرد. چالاکیی کوردستانیان تا ئێوارە بەردەوام بوو.
دوای دانیشتنەکە، باڵۆنی ئاگر بۆ یادی گیانبەختکردوان بە ئاسماندا هەڵدا.
چالاکییەکە بە درووشمەکانی "بژی ڕێبەر ئاپۆ"، "بژی بەرخۆدانی گەریلا" و "ئەردۆغانی فاشیست" کۆتایی پێهات.
ژ.ت