لە بەرلین بۆ ئیدانەکردنی دۆزی دژ بە دایکانی شەممە چالاکییەک رێکخرا

دەوڵەتی تورک لە دژی دایکانی شەممە دۆز و سکاڵای کردووەتەوە و ئەوەش ناڕەزایەتیی لێکەوتەوە و لە شاری بەرلینی ئەڵمانیا بۆ ئیدانەکردنی ئەو دۆز و سکاڵایە چالاکییەک رێکخرا.

دەستپێشخەریی پشتیوانی لە دایکانی شەممە لە بەرلین دۆز و سکاڵای دژ بە ٤٦ کەس لە دایکانی شەممەیان ئیدانەکرد، کە لە ٧٠٠هەمین هەفتەى چالاکییەکەیاندا داوای روونکردنەوەى چارەنووسی بێسەروشوێنکراوەکانیان دەکرد، بەڵام لەلایەن پۆلیسی دەوڵەتی تورکەوە هێرشیان کرایە سەر و دەستگیرکران.

لە چالاکییەکەدا بە ناوی (ICAD) وتەیەکی پێشکەشکرا و راگەیاندرا، "لە بریی ئەوەی دەوڵەتی تورک حسابی ئەو کەسانە دەستگیرکراوانە بدات، کە لە دوای دەستگیرکردنیان بێسەرشوێنکراون و ژیانیان لە دەستداوە، هێرش دەکاتە سەر ئەو کەسانە، کە داوای روونکردنەوەى چارەنووسی دەستگیرکراوەکان دەکەن و سزای زیندانیکردنی ٣ ساڵی بەسەر هەر یەکێکیاندا سەپاندووە. ئەوەش بە مانای ئەوەیە، کە داواکاری گشتیی تورک لە ژێر فەرمانی دەسەڵاتی فاشیستیی ئاکەپە – مەهەپەدایە".

لە چالاکییەکەدا راگەیاندراوی دایکانیش خوێندرایەوە و ئەڵماس ئەرەن بە ناوی دایکانی شەممەوە وتی، "کوڕەکەى من زیانی بۆ مێرویەکیش نەبووە. هەروەها خۆشمان بە هەمان شێوە، بەڵام لەبەر ئەوەى ئێمە لە گاڵاتاسەرای لە داوای چارەنووسی بێسەروشوێنکراوەکانمان کرد، ئەو شوێنەیان لێ قەدەغە کردین. من نە دەست لە کوڕەکەم هەڵدەگرم و نە دەستبەرداری گاڵاتا سەرای دەبم".

بەرمد لیهمان، کە بەناوی سۆلیمەتز بەرلینەوە رایگەیاند، نزیکەى ٢٠ ساڵە چالاکیی دایکان بەردەوامیی هەیە. راشیگەیاند، ئەو بێ مافی و نادادییەی بەرامبەر بە دایکان ئەنجام دەدرێت ئیدانە دەکەم. گوشارەکانی فاشیستیش قبوڵ ناکەم.

دوای وتەکان، چالاکییەکە بە وتنەوەى دروشم کۆتایی پێهات.

ژ.ت