لە چالاکییەکانی ١ ی ئەیلول، گۆشەگیری شەرمەزارکرا
پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، بەبۆنەی ١ ی ئەیلول، ڕۆژی جیهانیی ئاشتی، هاتنە گۆڕەپانەکان، پەیمانی شکاندنی گۆشەگیرییان دووپاتکردەوە.
پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، بەبۆنەی ١ ی ئەیلول، ڕۆژی جیهانیی ئاشتی، هاتنە گۆڕەپانەکان، پەیمانی شکاندنی گۆشەگیرییان دووپاتکردەوە.
پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، بەبۆنەی ١ ی ئەیلول، ڕۆژی جیهانیی ئاشتی، لە چەندین شار ڕاگەیاندراویان خوێندەوە و تیشکیان خستە سەر بەدیهێنانی ئاشتی.
وان
پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) و پارتی چەپی سەوز، پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە)، تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژەئا)، مەجلیسی دایکانی ئاشتی و نوێنەرانی ڕێکخراوە مەدەنییەکان، بەبۆنەی ١ ی ئەیلول، ڕۆژی جیهانیی ئاشتی، لەبەردەم بارەگای هەدەپە لە وان ڕاگەیاندراوێکیان خوێندەوە، لەوێدا پانکارتی "ئاشتی ژیانە" بەرزکرایەوە. پەرلەمانتارانی پارتی چەپی سەوزیش بەشداربوون.
هاوسەرۆکی دەبەپە لە وان، هاورن ئۆکای، ئاماژەی بەوە کرد، لە عەفرین تا ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە شەنگال تا مەخمور، ملیۆنان کەس بەهۆی شەڕەوە ماڵەکانیان جێهێشتووە، گوتی: "شەڕ، واتە کۆمەڵکوژی ڕۆبۆسکی. لەڕێی شەڕەوە چاندی ژیانکردنی مرۆڤ وێران دەکەن. لەڕێگەی سیاسەتەوە شەڕ دەکرێت. هەرچی دەبێت با ببێت، ئێمە تاریکی گۆشەگیری دەسڕینەوە و دژی شەڕ بانگەوازی ئاشتی دەکەین. دژی شەڕ، ئاشتی دەپارێزین".
مێردین
لقێ مێردینی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ، لەبەردەم بارەگاکەی ڕایگەیاندراوێکی خوێندەوە. بەڕێوەبەری کۆمەڵەکە لە مێردین، هیجران ئەردینچ، گوتی: "بانگەواز لە دەسەڵاتدارانی تورک دەکەین، کۆتایی بە سیاسەتی گۆشەگیری سەر ئاشتی بهێنێت. تا بەدیهاتنی ئاشتی تێکۆشان دەکەین".
ئێلح
بە پێشەنگایەتی لقی ئێلحی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ، لە پارکی یەڵماز گونای، ڕاگەیاندراوێکی جەماوەری خوێنرایەوە. پەرلەمانتاری پارتی چەپی سەوز، زەینەب ئۆدونجو، مەجلیسی دایکانی ئاشتی، چالاکوانانی تەژەئا و نوێنەرانی ٤٨ ڕێکخراوی مەدەنی و پارتی سیاسی بەشداری ڕاگەیاندراوەکە بوون. بە چوار زمان تابلۆی ئاشتی و پانکارتی "ئاشتی مافی مرۆڤە، ئاشتی گەرەنتی مرۆڤایەتییە، بژی ئاشتی" بەرزکرایەوە. هاوسەرۆکی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ لە ئێلح، ڕومەیزە دەنیز کایا، ڕایگەیاند، لە هەموو هەلومەرجێکدا داوای ئاشتی دەکەن.
دایکی ئاشتی، کامیلە شیشمەک، ڕایگەیاند، تا بەدیهاتنی ئاشتییەکی شکۆمەند، تێکۆشانی ئاشتی بەردەوام دەکەن.
پاش ڕاگەیاندراوەکە، بەناوی ئاشتییەوە کۆتر و میزەڵان هەڵدران. پاشان ١٠ خولەک ئێشکگری ئاشتی گرێدرا و چالاکییەکە کۆتایی هات.
موغلا
خەڵکی گوندی ئاکبەلەن سەر بە ناوچەی میلاس لە موغلا، دژی بڕینەوە دارەکان چالاکییان ئەنجامدا و بەبۆنەی ١ ی ئەیلول ڕۆژی جیهانیی ئاشتی ڕاگەیاندراوێکیان خوێندەوە. ڕەمەزان ئاکگول و مەلیس تانتان، ڕاگەیاندراوەکەیان خوێندەوە، داوایان کرد، لە دژی شەڕ و کوشتن و تاڵانکردنی سرووشت و هەژار و کۆچبەریی زۆرەملێ، ئاشتی بێتە دی.
هاتای
لقی ئەسکەندەرونەی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ لە پارکی "1 Saglikli Yaşam" ڕاگەیاندراوێکیان خوێندەوە. چەندین پارێزەری مافەکانی مرۆڤ بەشداربوون و پانکارتی "نا بۆ شەڕ! با دەمودەست ئاشتی پێک بێت" بەرزکرایەوە. هاوسەرۆکی لقی ئەسکەندەرونەی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ، جۆشکون سەلجوک، ڕاگەیاندراوەکەی خوێندەوە، داوای کرد، سیاسەتی شەڕ کۆتایی بێت و گۆشەگیری سەر ئاشتی هەڵبگیرێت.
ئەنقەرە
لقی ئەنقەرەی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ لە ١٣ هەمین ئێشکگریی ئاشتیدا، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی ئاشتییەوە لەبەردەم بارەگاکەی ڕاگەیاندراوێکی خوێندەوە. پانکارتی "دەبێت ئێستە ئاشتی پێک بێت" بەرزکرایەوە. ڕۆژنامەوان و نوسەر، حوسێن ئایکۆل، هاوسەرۆکی هەدەپە لە ئەزمیر، پاکیزە سەنەمیلیئۆغلۆ و چەندین کەسی تر بەشداربوون. هاوسەرۆکی لقی ئەنقەرەی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ، ئازلی ساراچ، ڕاگەیاندراوەکەی خوێندەوە.