لە دوسیلدۆرف "ڕێپێوانی ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان" بەڕێوەچوو

بە پێشەنگایەتی کۆن_مەد لە شاری دوسیلدۆرفی ئەڵمانی بە درووشمەکانی "ستاتۆ بۆ کوردان" و "ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ" ڕێپێوانێک بەڕێوەچوو.

کۆنفیدراسیۆنی جڤاکە کوردستانییەکانی ئەڵمانیا (کۆن_مەد)، بەبۆنەی ١ی ئەیلول، ڕۆژی جیهانیی ئاشتییەوە، بە درووشمی "ستاتۆ بۆ کورد" و "ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ" لە بەردەم وێستگەی شەمەندەفەر لە شاری دوسیلدۆرفی ئەڵمانیا، ڕاگەیاندراوێکی خوێندەوە.

سەدان کورد و دۆستەکانیان لەبەردەم وێستگەکە کۆبوونەوە و پۆستەری ڕێبەری گەلی کوردی عەبوڵا ئۆجالانیان بەدەستەوە بوو و دروشمی "بێ سەرۆک ژیان نابێ" و "ئازادی بۆ عەبدوڵڵا ئۆجالان" و "ئەردۆگانی فاشیست"یان دەگوتەوە.

پاش خولەکێک ڕێزگرتن، وتەبێژی تەڤگەری ژنانی کوردی ئەوروپا، ئایتن کاپلان، بە ئەڵمانی قسەی کرد. ئاماژەی کرد بە پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی و گوتی: " ئەو گۆشەگیرییەی ٢٥ ساڵە دژی ڕێبەر ئاپۆ ئەنجام دەدرێت، لە ماوەی ٣٠ مانگی ڕابردوودا گۆڕاوە بۆ ئەشکەنجەدانی بەردەوام. هەموو ئەو دامەزراوە و دەوڵەتانەی بەرپرسیارن لە بەدیلگرتنی ڕێبەر ئاپۆ، هاوبەشن لەو سیاسەتە گۆشەگیرییەی ئەمڕۆ جێبەجێ دەکرێت. گەلی کورد لە سەرانسەری جیهاندا بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ تێدەکۆشێت".

ھاوسەرۆکی (FED-MED)، شەڤین سینجار، گوتی:" بەرپرسیاری یەکەم لە گۆشەگیری ڕێبەر ئاپۆ ئەو دەوڵەتە نێونەتەوەییانەن کە ڕێبەر ئاپۆیان بەدیل گرت. پێویستە (سی. پی. تی.) بەپەلە ڕاگەیاندراوێک سەبارەت بە ڕەوشی ڕێبەر ئاپۆ بدات. تا ئازادبوونی ڕێبەرمان، چالاکییەکانمان بەردەوام دەبن ".

دوای وتەکان، جەماوەرەکە بە پۆستەری مەزنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانەوە لە وێستگەی شەمەندەفەرەوە بەرەو قەرەباڵغترین شەقامی شاری دوسلدۆرف (کۆنگیسالی) ڕێپێوانیان کرد. پاش ڕێپێوانەکە چالاکییەکە کۆتایی هات.