لە هیوسدن-زۆلدەر بەهۆی بەرزکردنەوەی هێمای سەرکەوتنەوە هەوڵی تیرۆرکردنی کوردێک درا

لە هیوسدن زۆلدەر لە هەرێمی لیمبورگی بەلژیکا کوردێک لە ئۆتۆمبیلەکەیەوە هێمای سەرکەوتنی بەرزکردەوە، کۆمەڵێکی نەژادپەرست بەنیازی کوشتن پەلاماریاندا، کەچی لێپرسینەوە لە کوردەکە دەستی پێ کرد.

بەگوێرەی میدیاکانی بەلژیکا، دوا نیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە، لە شاری هیوسدن زۆلدەر ڕووداوێکی نوێ ڕوویداوە، پۆلیس و میدیاکە لەسەر هەوڵی پەلامار و تیرۆرکردنە نەژادپەرستانەکە لێپرسینەوەیان نەکرد، کەچی ڕووی تیریان کردە ئەو کەسەی لەنێو ئۆتۆمبیلەکەیەوە هێمای سەرکەوتنی بەرزکردەوە.

زانراوە پاش بەرزکردنەوەی هێمای سەرکەوتن، نەژادپەرستەکان کۆبوونەتەوە و هێرشیان کردۆتە سەر شۆفێرەکە و توندوتیژی جەستەییان بەرامبەر ئەنجامداوە.

ڕاگەیاندرا، پۆلیسەکانی ناوچەکە لەبری ڕێگرتن لە نەژادپەرستان، بۆ ماوەیەک شۆفێرەکەیان دەستبەسەر کردووە. پۆلیس سکاڵایەکی فەرمیان لەسەر شۆفێرەکە ئامادە کرد و ڕەوانەی دادگای دەکەن.

لە ٢٤ ی ئادار لە شاری هیوسدن-زۆلدەر چەند کوردێک کە زۆربەیان خەڵکی ڕۆژئاوا بوون، لەلایەن نەژادپەرستانی ئاکەپە و مەهەپەوە ڕووبەڕووی هێرش بوونەوە. لە هێرشەکەدا هەڕەشەی سوتاندن لە دەیان هاوڵاتی کرا و چەند کەسێک برینداربوون، ڕەوشی تەندروستی کەسێکیان خراپە.