لە کامپی پەنابەرانی کورد لە لاڤیرۆی یونان ئاگر کەوتەوە

لە کامپی پەنابەرانی کورد لە شاری لاڤیرۆی یونان ئاگر کەوتەوە. بەشێک لە پەنابەران بەهۆی دوکەڵەوە تووشی تەنگیی هەناسە بوون و بەشێک کامپەکە و کەلوپەلی ٣٠ پەنابەر سووتاوە.

لە بیناکانی دوو بلۆکی کامپی پەنابەرانی کورد لە شاری لاڤیرۆی یۆنان، کە نزیکەى ٤٥٠ پەنابەری تیادایە ئاگر کەوتەوە و پەنابەرانی بلۆکەکانی تر بەهانای پەنارەکانی ترەوە رۆیشتن. تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەش گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و دەستیان بە کوژاندنەوەى ئاگرەکە کرد.

هەندێک لە پەنابەران بەهۆی دوکەڵی زۆر و چڕەوە تووشی تەنگی هەناسە بوون و پەنابەران کۆمیتەى تەندروستییان لە کامپەکە لە ناو خۆیاندا پێکهێنا و بە هانای بریندارەکانەوە رۆیشتن.

گەرچی هێشتا هۆکاری کەوتنەوەى ئاگرەکە بە روونی دیار نییە، بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە بەهۆی شۆرتی کارەباوە روویدابێت.

بە هاوکاریی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و پەنابەران ئاگرەکە کۆنترۆڵ کرا و ٣ ژووری کامپەکە بە تەواوی سوتان و ئەو بلۆکەى ئاگرەکە تیایدا روویدا، ئیدی بە کەڵکی مانەوە نایەت.

بەهۆی ئەو ئاگرەوە، کەلوپەلی نزیکەى ٣٠ پەنابەر سوتان.

ئەنجوومەنی بەڕێوەبەری پەنابەران لە کامپەکە، کە خۆی کامپەکەی بۆ پەنابەرەکان دروستکردووە، داوای هاوکاری لە هەموو رێکخراوەکان و دەستە دیموکراتیکەکان کرد، کە هاوکاریی پەنابەران بکەن و ئەو زیانەیان بۆ قەرەبوو بکەنەوە.

ژ.ت