لە کاسێل دژی هێرشە داگیرکارییەکان ستاند دانرا

لە شاری کاسێلی ئەڵمانیا بۆ ئاگادارکردنەوەی ڕای گشتی لە تاوانی شەڕی دەوڵەتی تورک دژی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ستاند دانرا.

لە شاری کاسێلی ئەڵمانیا، هەریەک لە (Make Rojava Green Again) و (Women Defense Rojava) و (RîseUp4Rojava)، بۆ ماوەی سێ ڕۆژ ستاندیان دانا.

لە دوایین ڕۆژی ستاندەکەدا، تاوانی شەڕی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕیسوا کرا.

لە ستاندەکەدا وێنە و دیمەن و بەڵگە دەربارەی هێرشەکانی سەر گەل نمایشکران. هەروەها برۆشۆرەکان دەربارەی تاوانەکانی شەڕی دەوڵەتی تورک بڵاوکرانەوە.

چالاکوانان دەستنیشانیان کرد، هێرشەکانی پاکتاوکردنی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا زیانێکی مەزن دەگەیەنێتە سڤیلەکان و گوتیان: "ڕۆژئاوا ساڵێک پاش شەڕی ناوخۆی سوریا بوو بە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری، بەڵام تورکیا لە ٢٠١٨ ـەوە هێرشەکانی قڕکردن لە هەرێمەکە ئەنجام دەدات. بەهۆی ئەم هێرشانی دوایی دەوڵەتی تورکەوە، سەدان سڤیل گیانیان لەدەستداوە و سەدان هەزار کۆچبەر بوون. هاوکات ژێرخانی هەرێمەکە زیانێکی مەزنی پێ گەیشتووە.

دەوڵەتی تورک دژی خەڵکی سڤیل تاوانی شەڕ ئەنجام دەدات، شوێنی سڤیل بۆمباران دەکرێت. خەڵکی سڤیل دەکوژرێن و ئەشکەنجە دەدرێن. پسپۆڕانی یاسای نێونەتەوەیی تاوانەکانی دەوڵەتی تورک لە ڕۆژئاوا، وەک تاوانی شەڕ ناودەبەن. بەڵام دەوڵەتی تورک ئەم تاوانانە ڕەت دەکاتەوە، پێویستە دەمودەست دەوڵەتی تورک بوەستێنرێت".