لە لۆزان یادی شەهید ئارارات زەرزان بەرزڕاگیرا

لە سێیەمین ساڵیادی شەهیدبوونیدا، یادی ئارارات زەرزان گەریلای یەژا ستار لە شاری لۆزان بەرزڕاگیرا.

بە بۆنەی سێیەمین ساڵیادی شەهیدبوونی ئارارات زەرزان (بێریتان ئۆناڵ) گەریلای یەژاستار، لە شاری لۆزانی سویسرا، مەراسیمێکی یادکردنەوە بەڕێوەچوو.

مەراسیمەکە لە ناوەندی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کورد لە لۆزان (جەدەکە-لۆزان) بەڕێوەچوو. بنەماڵە و کەسوکاری ئارارات زەرزان و بەشێکی بەرچاو لە هاوڵاتیانی کورد ئامادەی مەراسیمەکە بوون.

مەراسیمەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن لە یادی شەهیدان دەستی پێکرد و تێیدا شیناسی، ئەندامی کۆمیتەی بنەماڵەی شەهیدانی لۆزان قسەی کرد. هاوکات بەڵگەفیلمێک لەبارەی ژیان و تێکۆشانی شەهید ئارارات زەرزان نمایشکرا.

لای خۆیەوە لاژین، ئەندامانی ئەنجومەنی ژنان، دەقی یادەوەری و یاداشتێکی ڕۆژانەی ئارارات زەرزانی خوێندەوە. هەروەها بنەماڵە و کەسوکارەکەی قسەیان کرد.

زوڵفا بینبیر، هاوسەرۆکی جەدەکە-لۆزانیش ڕایگەیاند، ئارارات زەرزان لە پێناو ئازادی وڵات و گەلەکەیدا تێکۆشا و وتی: خاوەنداری لە تێکۆشانی دەکەن.

هەروەها مستەفا کاراهان، وتەبێژی ڕێکخراوی بنەماڵەی شەهیدانی سویسرا (کۆماو) ڕایگەیاند: یادەوەریەکانی شەهیدەکەمان و بەپێی ئەوەی هەڤاڵانی وتوویانە، دەردەکەوێت کە بە شێوەیەکی گیانبازانە لە هێڵی رێبەرایەتیدا شەهید بووە. ئەوەی دەکەوێتە سەرشانی ئێمەی کورد ئەوەیە، کە ئاوات و ئامانجی شەهیدان کە ئازادی ڕێبەرایەتیمان و کوردستانە بەدی بهێنین.

وتەبێژی ڕێکخراوی بنەماڵەی شەهیدانی سویسرا، لە دژی خیانەت و هاوکاری، داوای پێکهێنانی یەکێتی و یەکڕیزی نەتەوەیی کوردی کرد.

بە وتنی دروشمی "شەهید نامرن" مەراسیمی یادەکردنەوەکە کۆتایی هات.

ژ.ن