لە مانگی ئایارەوە لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ٩٦ زیندانی لە سێدارە دراون

کەمپینی "سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان" لە ٦٨هەمین هەفتەدا دژی سزای لەسێدارەدان ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە و ئاماژەیان بەوەداوە لە سەرەتایی مانگی ئایارەوە ٩٦ زیندانی لە شارەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سێدارە دراون و یەکێکیان ژنە.

کەمپینی "سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان" ڕایگەیاند، لە سەرەتای مانگی ئایارەوە تا ئێستا ٩٦ زیندانی لە شارەكانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەسێدارە دراون، کە یەکێکیان ژن بووە، هەروەها ئاماژەیان بەوەشداوە دەسەڵات ناتوانێت قەیرانی ناوخۆیی و دەرەکی چارەسەر بکات، هەربۆیە هەڵمەتی لەسێدارەدانی زیاد کردووە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە دەرکردن و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لە لایەن دادگای حکومەتەوە بەردەوامە، بەجۆرێک لە سەرەتای مانگی ئایارەوە تا ئێستا ٩٦ زیندانی لە شارەكانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەسێدارە دراون، کە یەکێکیان ژن بووە.

لە بەردەوامی ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، دوو زیندانی دیکەی سیاسیی بە ناوەکانی ئەمین فەرەح و ئاورگیساوەندانی شاعیری خەڵکی گێلان بە تۆمەتی "یاخیبوون و چەکداری"، ئیحسان فەریدی خوێندکاری زانکۆی تەبرێز بە تۆمەتی "چەکداری" سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا تیشک خراوەتەسەر ئەوەش سەرەڕای ئەو سزا نامرۆڤانەیە ڕێگە بە زیندانییەکان نادرێت پارێزەرێکی هەڵبژێردراو بدۆزنەوە، هەربۆیە داوا دەکەین ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و بەرهەڵستکارانی سزای لەسێدارەدان لە دامەزراوە سەربەخۆکانی مافی مرۆڤ سکاڵا تۆمار بکەن، لە دژی ئەو دادوەرانەی تێوەگلاون لە دەرکردنی ئەم سزایانە.

کەمپەینی "سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان" لە ٩ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ وەک ناڕەزایەتییەک دژی لەسێدارەدانی دەستبەسەرکراوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دامەزرا، کە هەموو سێشەممەیەک ئەندامانی کەمپەینەکە دەست بە مانگرتن لە خواردن دەکەن.