لە نیس بۆ ڕێبەری گەلی کورد ڕێپێوان ئەنجامدرا

لە شاری نیسی فەرەنسا بۆ شەرمەزارکردنی پیلانگێڕی ٩ ی تشرینی یەکەم بە پێشەنگایەتی گەنجانی کورد ڕێپێوانی جەماوەری ئەنجامدرا.

لە شاری نیسی فەرەنسا گەنجان ڕێپێوانێکی جەماوەرییان ئەنجامدا، ئاڵایەکی ١٥ مەتری پەکەکە و ئاڵای ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و درووشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" بەرزکرایەوە.

پاشان نامیلکە دەربارەی سیستەمی قڕکردنی ئیمراڵی و تێکۆشانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان خوێنرایەوە و برۆشور بەسەر گەلدا دابەشکرا.

ئەرهان مەلازگرت لەسەر ناوی گەنجان گوتی: "هەتا گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان نەشکێنرێت، وەک گەنجانی کورد لە ئەوروپا هەردەم لە گۆڕەپانەکان دەبین. چارەسەری هەموو کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین، عەبدوڵا ئۆجالانە".

مەلازگرت تیشکی خستەسەر هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر باشووری کوردستان و گوتی: "دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە باشووری کوردستان تاوانی شەڕ دەکات، هەموو مافە نێونەتەوەییەکان پێشێل دەکات و گەل لە ماڵی خۆیان دوور دەخاتەوە. بێ هیچ مافێک بازگە دادەنێت. پێویستە گەلی باشوور ڕاپەڕێت و هەڵوێست نیشان بدات".

لە چالاکییەکەدا پانکارت و درووشم بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و سڵاوکردن لە بەرخۆدانی گەریلا بەرزکرایەوە.