لە عێراقەوە پشتگیریی بۆ کەمپەینی دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ دووپاتکرایەوە
دەسپێشخەریی ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان لە عێراق ڕایگەیاند پشتگیری لە کەمپەینی نێونەتەوەیی بۆ ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ دەکات.
دەسپێشخەریی ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان لە عێراق ڕایگەیاند پشتگیری لە کەمپەینی نێونەتەوەیی بۆ ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ دەکات.
تادێت پشتگیرییەکان زیاتر دەبن بۆ کەمپەینی "دەمەوێت دیدار لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجام بدەم" کە لەلایەن پلاتفۆرمی ئاشتی و ئازادی ئەوروپا (EFFP) دەستی پێ کردووە.
دەسپێشخەریی ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان لە عێراق بە ڕاگەیاندراوێک پشتگیری بۆ کەمپەینەکە ڕاگەیاند.
دەسپێشخەرییەکە ڕایگەیاند کە بانگەوازی بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ لە ٢٧ ی شوبات بۆ "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" واتای ئازادی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکە، گوتی: " ئەمەش ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە کاری سیاسی موڵکی کۆمەڵگەیەکی دیاریکراو، نەتەوەیەک، حزبێک یان هەر ئایدۆلۆژیایەکی دیکە نییە. بەڵکو بیر و ڕێبازێکە کە هێمای دیموکراسی و ئازادی و ئاشتییە."
لە درێژەدا ئاماژە بەوە دەکات، ڕێبەر ئاپۆ بۆ چارەسەری پرسی گەلان و کۆمەڵگەکان، لەپێناو بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک کاردەکات.
هەروەها تیشک دەخاتە سەر هەڵوێستی تورکیا کە دەیەوێت بە زیهنیەتی سەربازیی هاوشێوەی زیهنیەتی عوسمانییەوە مامەڵە بکات، دەسپێشخەرییەکە جەخت دەکاتەوە، دەبێت تورکیا دەست لە کاری وێرانکاری هەڵبگرێت و گوێ لە بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ بگرێت.
هەروەها تیشک دەخاتەسەر کەمپەینی نێونەتەوەیی "دەمەوێت دیدار لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجام بدەم" و دەڵێت: "پشتگیری لە هەموو خەباتەکان بۆ ئاشتی و فشارکردن لە تورکیا تاوەکو بەگوێرەی پەیماننامە نێونەتەوەییەکان بجووڵێتەوە و ڕێبەر ئاپۆ ئازادبکات.
هەروەها پشتگیری بۆ کەمپەینەکە دووپات دەکاتەوە و دەڵێت: "ئەم هەوڵە مرۆڤایەتییە گەورەیە ناسنامەی کۆمەڵگەیەکی شارستانییە بۆ ئازادکردنی ئۆجالان لە زیندانی ئیمرالی و دەستپێکی گەشتێکی نوێیە بۆ بونیادنانی کۆمەڵگایەکی دیموکراتیک".