لە سانت گالێن هەزاران واژۆ بۆ پەکەکە کۆکرانەوە

لە شاری سانت گالێنی سویسرا هەزاران واژۆ بۆ دەرهێنانی پەکەکە لە لیستی "ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان" کۆکرانەوە.

لە سویسرا لە ٣ی کانونی دووەمەوە هەڵمەتێکی واژۆکردن دەستی پێکرد بۆ ئەوەی پەکەکە لە لیستی 'ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان' دەربهێنرێت.

کۆمەڵگای دیموکراتیکی کورد لە سویسرا و مەجلیسی ژنان و ڕێکخراوەکانی لاوانی کورد بزوتنەوەی لاوانی شۆڕشگر و تێکۆ-ژن تا ئێستا لە دەیان شار واژۆیان کۆکردۆتەوە.

یەکێک لەو شارانەی کە هەڵمەتەکە تێیدا بەردەوامە، شاری سانت گالێن کە ئامانجە  ١٠ هەزار واژۆ کۆبکرێتەوە.

کەنان جان، هاوسەرۆکی کۆمەڵگای دیموکراتیکی کورد لە سویسرا ڕایگەیاند کە گەیشتوونەتە ٥٠%ی ئەو ئامانجەی کە بۆ خۆیان داناوە.

كەنان جان گوتیشی: "سەرەتا ئێمە بڵاوکراوەمان بڵاوکردەوە و لەڕێگەی دیالۆگی یەک بە یەکەوە، ڕاستییەکانمان بە خەڵکی سویسرا گوت سەبارەت بە پەکەکە کە بزووتنەوەیەکی گەلە".

کان سەرنجی بۆ هەستیاری خەڵکی سویسرا بەرامبەر بەو هەڵمەتە ڕاکێشا و وتی "هەندێک جار خۆیان دەهاتنە ستاندەکەو دەیانویست خۆیان واژۆی لەسەر بکەن".

جان باسی لەوەشكرد، سەرەڕای بارانبارینی رۆژی شەممە، لەماوەی ٣ كاتژمێردا زیاتر لە ٤٠٠ واژۆیان كۆكردۆتەوە و بەم شێوەیە كۆتایی بە قسەکانی هێنا: "بۆ ئەوەی بگەینە ئامانجمان، لە رۆژانی داهاتوودا هەڵمەتەكە خێراتر دەكەین. لەم چوارچێوەیەشدا ستاندەکان دەکەینەوە، ئێمە بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ کۆتاییهێنان بە هەڵمەتەکە بە سەردانی خێزانەکان."

ف.ق