لە ستۆکهۆڵم کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان ئیدانەکرا

کوردستانیان لە ستۆکهۆڵم بە بۆنەی ٨هەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی ئێزدیانەوە گردبونەوەیەکیان ئەنجامدا.

گردبوونەوەکە بە پێشەنگایەتیی کۆمەڵەی ژنانی ئامارا و لە کاتژمێر ١٧:٠٠ لە ناوچەی مینتورگێت لە بەردەم پەرلەمانی سوید بە خولەکێک ڕێزگرتن لە یادی قوربانیانی کۆمەڵکوژییەکە دەستیپێکرد.

لە چالاکییەکەدا وێنەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و ئاڵاکانی پەکەکە و کەژار بەرزکرابوونەوە. هەروەها چەندین پۆستەر، کە لەسەریان لەبارەی کۆمەڵکوژیی شەنگالەوە نووسرابوو، بەرزکرانەوە. چەندین ڕاگەیاندراو و نامیلکەی تایبەت بە کۆمەڵکوژییەکە بەسەر چالاکوانان و هاووڵاتییان دا دابەشکران و دروشمەکانی "شەنگال هێمای کوردە"، "تورکیا دەست لە خاکەکەمان هەڵگرە"، "ئەردۆغان و داعش هەر یەکن" و "بمرێ خائینانی کۆمەڵکوژییەکە" دەوترانەوە.

لە گردبونەوەکەدا ژنێک وەک سیمبول بە پەچەى ڕەشەوە کۆت و زنجیر کرابوو و ئەوەش سەرنجی بێگانەکانی لەبارەی تاوانەکانی داعش دژ بە ژنان ڕاکێشا.

بە ناوی کۆمەڵەی ژنانی ئامارا ڕاگەیەندراوێک خوێندرایەوە. لە سەرەتای ڕاگەیاندراوەکەدا یادی قوربانیانی کۆمەڵکوژییەکە کرایەوە و سڵاو لە هەموو ئەو بەرخۆدانانەی ئەمڕۆ کران، کە بۆ خۆبەڕێوەبەریی شەنگال تێدەکۆشن. لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتبوو، "لە سەردەمی مۆدێرندا بە بەرچاوی جیهانەوە ئەم کۆمەڵکوژییە ئەنجامدرا. پارتی (پەدەکە) لەوێ دەسەڵاتی هەبوو بە بێ بەرگری و بەرخودان،  شەرم و ئابڕوچوونەوە بە بەر چاوی هەموو جیهانەوە هەڵات. سەرەڕای ئەوەش دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر ئەمڕۆ دەیەوێت بەشی کۆتایی ئەو فەرمانە جێبەجێ بکات، کە داعش نەیتوانی تەواوی بکات. بۆ ئەوەش دەوڵەتی تورک لە هەموو شوێنێک دا بە شێوەیەکی دڕندانە هێرش دەکاتە سەر بەها و باوەڕی کوردان".

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: پێویستە پێگە و خۆبەڕێوەبەریی شەنگال دانی پیادا بنرێت و هەموو کورد بۆ ئەوە تێبکۆشێت.

ژ.ت