لە تاقیکردنەوەکانی زانکۆیەکی میسڕدا پرسیار دەربارەی بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ کرا

زانکۆی دەمەنهوری میسڕ، لە تاقیکردنەوەکاندا پرسیاری "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک"ـی ڕێبەر ئاپۆی لە خوێندکاران کرد.

زانکۆی دەمەنهوری میسڕ لە تاقیکردنەوەکانی بەهاردا، پرسیارێکی بۆ خوێندکاران هێنایەوە دەربارەی "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک"ـی ڕێبەر ئاپۆ کە ٢٧ ی شوبات ڕاگەیاندرا.

پرسیارەکانی تاقیکردنەوەکە لەلایەن ئەکادیمیسیانی میسڕی د. محەمەد ڕەفعەت ئەل ئیمام ئامادەکران. ئەل ئیمام پێشتر بۆچوونەکانی خۆی دەربارەی پرسی کورد دەربڕیوە.

ئەم پرسیارانە لە خوێندکاران کران:

_ کوردەکان سەدەیەکە (١٩٢٥_٢٠٢٥) ڕووبەڕووی سیاسەتی نکۆڵی و بەتورککردن و بەعەرەبکردن دەبنەوە. بەڵگەکان بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەمە بخەنەڕوو، ڕەهەندە لێکچوو و جیاوازەکانی دەستنیشان بکەن.

_ بیرمەندی نێونەتەوەیی عەبدوڵا ئۆجالان لە ٢٧ ی شوبات "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک"ـی کرد، بۆچوونتان چییە؟

_ ڕۆڵی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە زیندووکردنەوەی پرسی کورددا چییە؟

پرسیارەکانی تاقیکردنەوەکە، لە میدیای دیجیتاڵدا دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.