لە ئامەد، جولەمێرگ و ئێلح بۆ بێسەروشوێنکراوان چالاکی ئەنجام درا

کەسوکاری بێسەروشوێنکراوان بەمەبەستی پرسینی چارەنووسی ئەوکەسانەی کە لە کاتی دەستبەسەرکردندا بێسەروشوێنکران و تیرۆر کران، لە ئامەد، جولەمێرگ و ئێلح چالاکیان ئەنجام دا. لە چالاکییەکەدا سەرنج خرایەسەر بانگەوازییە مێژوویەکەی ڕێبەر ئاپۆ.

چالاکی هەفتانەی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ (ئیهەد) و کەسوکاری بێسەروشوێنەکان بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی ئەو کەسانەی کە لە دەستبەسەرکردندا بێسەروشوێنکران و تیرۆرکران بەردەوامە.

جولەمێرگ

لقی جولەمێرگ و کەسوکاری بێسەروشوێنکراوان لە چالاکی ١٧٩هەمیندا لە گەڤەر لە شەقامی هونەر گردبوونەوە. لە چالاکییەکەدا پانکارت بە نوسینی "تاوانباران دیارن، کوا بێسەروشوێنکراوان؟" و "با بێسەروشوێنکراوان بدۆزرێنەوە، بکوژەکان دادگایی بکرێن" دانرا و وێنەی بێسەروشوێنکراوان هەڵگیرا. لە چالاکیی ئەم هەفتەیەدا لە چارەنووسی محەمەد سدیق بایسالیان پرسی کە لە ٧ی حوزەیرانی ١٩٩٤ لە لایەن سوپاوە لە هەرێمی دۆسکی دەستبەسەرکرا و بە ئەشکەنجەدانی جەستەیی تیرۆرکرا.

هاوسەرۆکی لقی ئیهەدەی جولەمێرگ ئۆزان ئاکباش ئاماژەی بەوەدا کە بەیسال سەرقاڵی ئاژەڵداری بووە لە هەرێمی ئۆرەمار و دوای ئەوەی بەیسال لە ٧ی حوزەیرانی ١٩٩٤ ماڵ دەرچووە، بۆ ماوەی ٤ ڕۆژ بنەماڵەکەی نەیانتوانی پەیوەندی پێوە بکەن و گوتی: "بنەماڵەکەی سەردانی پۆلیسیان کردووە. ئاگادارکرانەوە کە کەس بە ناوی بەیسال دەستبەسەر نەکراوە، بەڵام گوندنشینەکان ڕایانگەیاند کە ئۆپەراسیۆنێکی گەورە لە هەرێمی ئۆرمار ئەنجام دەدرێت و بەیسال کە لە هەرێمەکە بووە بە ئۆتۆمبێلێکی سەربازی دەستبەسەر کراوە و بردراوە. دوای ٤ ڕۆژ تەرمی بەیسال لە چاڵێکدا دۆزرایەوە."

ڕاگەیاندراوەکە لە دوای چالاکی دانیشتین کۆتایی هات.

ئامەد

کەسوکاری بێسەروشوێنکراوان و لقی ئیهەدەی ئامەد بۆ ئەوەی بێسەروشوێنکراوان بدۆزرێنەوە و بکوژان دادگایی بکرێن لە پارکی کۆیشئۆغلۆ کۆبوونەوە و لە بەردەم مۆنۆمێنتی مافی ژیان چالاکییەکیان ئەنجامدا. لە چالاکییەکەی ئەم هەفتەدا لە چارەنووسی پزیشکان محەمەد ئەمین ئایهان و حامید پاموکیان پرسی. محەمەد ئەمین ئایهان لە ١٠ی حوزەیرانی ساڵی 1992 لە بەردەم ماڵەکەی خۆی لە ناوچەی فارقینی ئامەد لە هێرشێکدا کوژرا. هەروەها ڕەنجدەری تەندروستی حامید پاموک لە ٢١ی حوزەیرانی ١٩٩٣ لە ناوچەی ڕەزانی ئامەد لە لایەن هەندێک کەسی دەمامکدارەوە کوژرا.

لە سەرەتادا سکرتێری لقی ئیهەدەی ئامەد عومەر سامان قسەی کرد و گوتی: "هیوادارین پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک کە لە تورکیا دەستیپێکردوە بۆ هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوین ببێتە نمونەیەک."

هەروەها ئەندامی کۆمیسیۆنی بێسەروشوێنکراوانی ئیهەدە بەرفین ئەلچی چیرۆکی حامید پاموکی باسکرد و وتی: "حامید پاموک کە لە ساڵی ١٩٦١ لە ناوچەی کولپی ئامەد لەدایک بووە. پەیوەندییە دڵسۆزەکانی و گفتوگۆکانی لەگەڵ گەلدا وایکردووە خۆشەویست بێت لەلایەن گەلەوە. ئەم کەسایەتییە بەڕێزە، بووە ئامانجی هێزە تاریکەکان. لە ئاهەنگەکانی ١ی ئایاری ساڵی ١٩٩٣دا، لە کاتی خوێندنەوەی ڕاگەیاندراوی ١ی ئایاردا لەلایەن پۆلیسەوە هەڕەشەی لێکرا. لە ٢١ی حوزەیرانی ١٩٩٣دا لە ناوچەی ڕەزانی لەسەر شەقامی کەدی لە لایەن سێ کەسی دەمامکدارەوە کوژرا."

ڕاگەیاندراوەکە لە دوای چالاکی دانیشتین کۆتایی هات.

ئێلح

چالاکی کەسوکاری بێسەروشوێنکراوان لە هەفتەی ٦٨٩ لە ئێلح بەردەوامبوو. لە چالاکییەکەدا پانکارت بە نوسینی 'بێسەروشوێنکراوان بدۆزەرەوە، تاوانباران دادگایی بکە' لەبەردەم نوسینگەی یاسایی ئێلح هەڵواسرابوو. سەرەڕای هاوسەرۆکی گشتی دەبەپە کەسکین بایندەر، چەندین کەس بەشداری چالاکییەکە بوون. لە چارەنووسی عیسا گۆکیان پرسی کە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ١٩٩٤ لە ئێلح بێسەروشوێنکرا.

چالاکی کەسوکاری بێسەروشوێنکراون لە ئێلح دوای چالاکیی دانیشتن کۆتایی هات.