لە ئامەدەوە داوای زانیاری کرا دەربارەی ئەو هاوڵاتییە تورکیانەی لە زیندانەکانی هەرێمی کوردستاندان

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لە ئامەد چەندین ڕێکخراو و کۆمەڵە بە خوێندنەوەی ڕاگەیاندراوێک داوای زانیاریان کرد لە بارەی چارەنووسی ئەو هاوڵاتییە تورکیانەی کە لە زیندانەکانی هەرێمی کوردستاندان.

کۆمەڵەی مافناسان بۆ ئازادی (ئۆهەدە)، کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ (ئیهەدە)، کۆمەڵەی هاوکاری و پشتیووانی لە بنەماڵەی زیندانیان و حکومدراوان (توای-دەر) و نوسینگەی پارێزەرانی ئامەد، بۆ ئەو زیندانیانەی کە هاووڵاتی تورکیان و لە زیندانەکانی هەرێمی کوردستاندا راگیراون ڕاگەیاندراوێکیان دا. ڕاگەیاندراوە هاوبەشەکە لەلایەن هاوسەرۆکی لقی ئۆهەدەی ئامەد محێدین موگوچەوە خوێندرایەوە.

محێدین موگوچ ئاماژەی بەوەدا کە چەندین بنەماڵە بە مەبەستی وەرگرتنی زانیاری لەسەر کەسوکارە زیندانکراوەکانیان کە ماوەیەکی زۆرە لە زیندانەکانی هەرێمی کوردستاندا ڕاگیراون و  زانیارییان لەسەر نییە، سەردانی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ (ئیهەدە) و کۆمەڵەی مافناسان بۆ ئازادی (ئۆهەدە)یان کردووە.

 موگوچ لە قسەکانییدا سەرنجی خستەسەر خواستی بنەماڵەی زیندانکراوان و وتی: "لە سەردانی ئەو بنەماڵانەدا لەسەر پرسەکانی وەک؛ ئایا کەسوکارە زیندانیکراوەکانتان دەژین یان نا، ئەگەر لە زینداندان بە چ تۆمەتێک دەستگیرکراون، ئایا مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانەیان پارێزراوە یان نا، هەروەها هەلومەرجی زیندانەکە چۆنە، دوای زانیارییان کردووە.

موگوچ لە کۆتاییدا ئاشکرای کرد، نوسراوێکی پڕ لەزانیاری ئاڕاستەی وەزارەتی دادی هەرێمی کوردستان دەکرێت، کە بۆ مەبەستی داواکارییەکان ئامادەکراوە.