لە ئۆرتوکلو نووسینگەی هەڵبژاردن کرایەوە: فاشیزم دەبەزێنین
لە مێردین لە وێستگەی ئۆرتوکلو پارتی چەپی سەوز نووسینگەی هەڵبژاردنی کردەوە، هەروەها گوتیان: « لە ١٤ ـی ئایار بە سەربڵندیی دایکان و گەل، ئەم فاشیزمە دەبەزێنین».
لە مێردین لە وێستگەی ئۆرتوکلو پارتی چەپی سەوز نووسینگەی هەڵبژاردنی کردەوە، هەروەها گوتیان: « لە ١٤ ـی ئایار بە سەربڵندیی دایکان و گەل، ئەم فاشیزمە دەبەزێنین».
بە ئامادەبوونی پەرلەمانتارانی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە)، ڕەمزیە تۆسون و نەجدەت ئاپیکوز و جێگری سەرۆکی پارتی سۆسیالیستی کوردستان، حەسەن داگتیکن، هەروەها سەدان کەسی تر، نووسینگەکە کرایەوە.
جێگری سەرۆکی گشتیی پارتی سۆسیالیستی کوردستان، حەسەن داگتیکن پاش کردنەوەی نووسینگەکە دوا و گوتی، لەم هەڵبژاردنەدا لەگەڵ هاوپەیمانی ئازادی و دیموکراسیی کورد گوزارشت لە داخوازییەکانی کورد دەکەن، هەروەها گوتی، تێدەکۆشن تا زمانی کوردی ببێتە دووەمین زمانی فەرمی لە وڵاتەکەدا. ئاماژەی بەوە کرد، لە ١٤ ـی ئایار گەل دەنگ بە پارتی چەپی سەوز دەدەن و ئیرادەی خۆیان دەچەسپێنن و سنوورێک بۆ سیاسەتە سەرکوتکارییەکان دادەنێن.
دواتر پەرلەمانتاری هەدەپە لە ئامەد، ڕەمزیە تۆسون دووپاتی کردەوە لە ١٤ ـی ئایار کۆتایی بەم دەسەڵاتە دەهێنن، هەروەها گوتی: «هەرچییەک بکەن، هەر دەیانبەزێنین. پێشتر باسمان لە پرسی کورد دەکرد. ئێستا باس لە هەموو کێشەکانی گەل دەکەین.
پرسی ئازادی، پرسی کورد و تورک و ئەرمەن و سریانی و عەلەوییەکانە، ئێمە بۆ هەمووان تێدەکۆشین و چارەسەرمان پێیە.
گەل بەرخۆدان دەکات، گەلی کورد بەرخۆدان دەکات. گەلی کورد سەربڵندە. ئێمە بە سەربڵندیی دایکان و گەل، لە ١٤ ـی ئایار ئەم فاشیزمە دەبەزێنین».