لە ئەستەنبوڵ ٢٠ خۆپیشاندەر بە لێدان و توندوتیژی دەستگیرکران

لە ئەستەنبوڵ ٢٠ کەس لە ئەسەپە، سەگەدەفە و کالدراچ ، کە چالاکیی ناڕەزایەتییان رێکخستبوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەتی تورکەوە بە توندوتیژی و لێدان دەستگیرکران.

ئەندامانی ئەنجوومەنی حزبی سۆسیالیستی چەوساوەکان  (ESP)، فیدراسیۆنی کۆمەڵەکانی گەنجانی سۆسیالیست (SGDF) و ئەنجوومەنی ژنانی سۆسیالیست (SKM) لەبەردەم دادگای ئەستەنبوڵ لە چاغڵەیان کۆبوونەوە.

چالاکوانان داوایان ئەوە بوو، ئەو کەسانە، کە لە ١٢ی ئازاردا لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەی داواکاری گشتیی کۆماری لە ئەستەنبوڵ دەستگیرکرابوون ئازاد بکرێن..

ئەندامانی کاڵدراچ و کۆمەڵەکانی گەنجانی شۆڕشگێڕ پشتیوانییان لە چالاکییەکە کرد و پۆستەرێک، کە لەسەری نووسرابوو "دەستگیرکردن گەنجان ڕاناوستێنێت، ئێمە بە تێکۆشانی شۆڕشگێڕانەی خۆمان لێپرسینەوە دەکەین" بەرز کرابوویەوە.

لەبەردەم دادگادا بە بەردەوامی دروشمەکانی "دەستگیرکردن گەنجان ڕاناوەستێنێت" دەوترایەوە و  پۆلیس دەستیکرد بە گەمارۆدانی چالاکوانان.

هەروەها ئەو ڕۆژنامەنووسانە، کە چالاکییەکەیان ڕوماڵ دەکرد لە ناوچەکە دورخرانەوە.

پاشان پۆلیس بە شێوەیەکی زۆر توندوتیژانە هێرشی کردە سەر جەماوەرەکە و نزیکەی ٢٠ کەسیان بە لێدان دەستگیر کرد.

ژ.ت