کتێبخانەی ڕێبەرتی بۆ ناساندنی هێڵی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵلا ئۆجالان لەنێو رای گشتی ئەورۆپادا، لە زۆریخی سویسرا دەستی بە کارەکانی کرد.
کتێبخانەی ڕێبەرتی کە ساڵی ڕابردوو بەهۆی کۆڤید نۆزدەوە دەستیپێکرد، ئەمساڵ بۆ دووەم جار لەنێو سویسریەکاندا کار دەکات.
کتێبەکانی عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد کە لە زیندانی ئیمڕالی لە ماوەی ٢٣ ساڵی ڕابردوودا لەژێر ئەشکەنجە و گۆشەگیری نووسویەتی و باسی هێڵی، ژینگەپارێزی، ژن و دیموکراسی دەکات، لە رێگەی کتێبخانەی گەڕۆکی ڕێبەرتیەوە لە سویسرا بڵاو دەبێتەوە. هەروەها بە زمانی ئەڵمانی باسی ژیانی تێکۆشانی ٥٠ ساڵەی عەبدوڵلا ئۆجالان دەکرێت.
کتێبخانە لە هیلڤیتپلاتز کراوەتەوە، بە درێژایی ڕۆژ لەلایەن کوردستانیانی زۆریخەوە سەردان دەکرێت.
ڕۆژهەڵات ئامەد ئەندامی پەیوەندیەکانی دەرەوەی ناوەندی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کوردی زۆریخ بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد و رایگەیاند، خەڵکی سویسرا بە شێوەیەکی گەرم لە کارەکەیان نزیک دەبنەوە و ئەوەش خۆشحاڵیان دەکات.
ئامەد رایگەیاند، بە تایبەتی نەوەی نوێی سویسرا بە شێوەیەکی زۆر باش پیشوازی لە مۆدێلی ژیانی ژینگەپارێزی، ئازادیخوازی و دیموکراتیک لە ڕۆژئاوا دەکەن و وتی، ئەوان مۆدێلی ژیان لەسەر هێڵی ڕێبەری گەرلی کورد بۆ رای گشتی سویسرا شیدەکەنەوە کە بۆچی ڕێبەرتی دەستگیرکراوە و پێویستە ئازاد بکرێت.
سەلما سورەر هاوسەرۆکی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کوردی سویسراش وتی، " تاوەکو ٤ی نیسان ڕۆژی لەدایکبوونی ڕێبەرتیمان، کار و خەباتمان بەردەوام دەبێت و لەلایەکی دیکەوە، پانێل، سمینار و چالاکی ئەنجام دەدرێن. ئێمە لە زۆر شار کۆنفڕانس ئەنجام دەدەین. ئەمڕۆ ئێمە لە زۆریخین و دەستمان بە کتێبخانەی ڕێبەرتی کردووە."
کتێبخانەی گەڕۆک لە ٢٨ی ئازاردا لە لۆزەرن، ٢٩ی ئازار لە سۆلۆزورن و لە ٣٠ ئازاردا لە لۆزان لەگەڵ خەڵکی سویسرا کۆدەبێتەوە.
ف.ق