له كۆمه‌ڵكوژی پاریس‌دا نهێنێنی ده‌وڵه‌ت‘
له دۆسیه‌ی كۆمه‌ڵكوژی پاریس‌دا كه نۆ ساڵ به‌ر له ئێستا سێ ژنه شۆڕشگێڕی كورد تیرۆركرابوون، هیچ به‌روپێشچوونێك نییه. سیاسه‌تمه‌داره‌كان نهێنی ده‌وڵه‌ت هه‌ڵناده‌نه‌وه، ده‌زگای پۆلیسیش چالاك نین.
له دۆسیه‌ی كۆمه‌ڵكوژی پاریس‌دا كه نۆ ساڵ به‌ر له ئێستا سێ ژنه شۆڕشگێڕی كورد تیرۆركرابوون، هیچ به‌روپێشچوونێك نییه. سیاسه‌تمه‌داره‌كان نهێنی ده‌وڵه‌ت هه‌ڵناده‌نه‌وه، ده‌زگای پۆلیسیش چالاك نین.
سه‌كینه جانسز (سارا) یه‌ك له دامه‌زرێنه‌رانی په‌كه‌كه، فیدان دۆغان (رۆژبین) نوێنه‌ری كه‌نه‌كه له پاریس و له‌یلا شایله‌مه‌ز (رۆناهی) ئه‌ندامی بزوتنه‌وه‌ی گه‌نجانی كورد له رۆژی نۆی كانونی دووه‌می 2013دا له ناوه‌ڕاستی پاریس تیرۆر كران.
دوای كۆمه‌ڵكوژیه‌كه لێپرسینه‌وه ده‌ستیپێكرد و هه‌موو به‌ڵگه‌كان ئاماژه‌بوون بۆ ده‌زگای هه‌واڵگری تورك میت. له ساڵی 2014 دا هه‌ندێك به‌ڵگه خرانه‌ڕوو، له‌و به‌ڵگانه‌دا ئاشكرابوو كه بڕیاری كۆمه‌ڵكوژییه‌كه له ئه‌نقه‌ره‌وه ده‌رچووه.
له نوسراوێكدا كه وه‌ك نهێنی پۆلێن كراوه و مێژووه‌كه‌ی بۆ 18ی تشرینی دووه‌می 2012 ده‌گه‌ڕێته‌وه واژۆی كاربه‌ده‌ستانی میتی به‌سه‌ره‌وه‌یه. له نوسراوه‌كه‌دا ئه‌وه خراوه‌ته‌ڕوو كه بۆ ئه‌وه‌ی سه‌كینه جانسز له‌لایه‌ن عومه‌ر گونه‌یه‌وه تیرۆر بكرێت پلان بۆ ئۆپراسیۆنێك دانراوه.
له 12ی كانونی دووه‌می 2014شدا له‌سه‌ر ئینته‌رنێت تۆمارێكی ده‌نگی بڵاوكرابوه‌وه. تۆماره ده‌نگیه‌كه ده‌ریده‌خات كه عومه‌ر گونه‌ی له‌گه‌ڵ كارمه‌ندانی میت پلانی تیرۆره‌كه داده‌نێت. بكوژ عومه‌ر گونه‌ی له ساڵی 2014 دا بۆ ئه‌وه‌ی له زیندان هه‌ڵبێت داوای هاوكاری له میت كردبوو.
عومه‌ر گونه‌ی له 17 كانونی دووه‌می 2013 ده‌ستگیركرابوو. له 17ی كانونی یه‌كه‌می 2016دا به‌ر له‌وه‌ی دانیشتنه‌كانی دۆسیه‌كه ده‌ستپێبكه‌ن به شێوه‌یه‌كی گوماناوی له زیندان گیانی له‌ده‌ستدا. ده‌بوایه دانیشتنی دۆسیه‌كه له كانونی یه‌كه‌مدا ده‌ستی پێبكرایه، به‌ڵام به هۆكارێك كه ئاشكرا نه‌كران دۆسیه‌كه بۆ 23ی كانونی یه‌كه‌می 2017 هه‌ڵپه‌سێردرا. دادگای فه‌ره‌نساش به پاساوی ئه‌وه‌ی بكوژه‌كه مردووه، دۆسیه‌كه‌ی داخست.
ئه‌و كه‌سانه‌ی پلانه‌كه‌یان داڕشتووه ئاشكران
رووداوێك له باشوری كوردستان بووه هۆی ئه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێ دۆسیه‌كه بكرێته‌وه. دوو به‌رپرسی میت كه پلانی تیرۆركردنی به‌رپرسانی په‌كه‌كه‌یان دانابوو، له چواری ئابی 2017 دا له باشوری كوردستان له رێگه‌ی ئۆپراسیۆنێكی تایبه‌تی گه‌ریلاكانه‌وه ده‌ستگیركران.
ئه‌رهان په‌كچه‌تین كه به‌رپرسی ئۆپراسیۆنه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاته و ئایدن گونه‌ل به‌رپرسی ئه‌ندامانه دانپێدانانیان كرد و تۆماره ده‌نگیه‌كه و به‌ڵگه‌نامه‌ی نوسراو به ناوی نهێنیان پشتڕاست كرده‌وه. هه‌ر دوو ئه‌ندامه‌كه‌ی میت ناوی به‌رپرسانی میتیان كه له دیدار و دانوستانه‌كاندا بوون.
سه‌باحه‌دین ئه‌سه‌ڵ كه ساڵی 2018 جێگری راوێژكاری هه‌واڵگری ستراتیژی و له 2013دا جێگری سه‌رۆكایه‌تی كاروباری نه‌ته‌وه و پێكهاته‌كان بوو، به‌شدار بووه له داڕشتنی پلانی كۆمه‌ڵكوژیه‌كه‌ی پاریس. ئه‌و كه‌سه له كاتی دیداره‌كانی نێوان په‌كه‌كه و ده‌وڵه‌تی توركدا، وه‌ك یاریده‌ده‌ری سه‌ره‌كی هاكان فیدان سه‌رۆكی میت بوو.
تۆڕێكی به‌ربڵاوی تیرۆركردن له ئه‌وروپا
هه‌موو زانیارییه‌كان ئاماژه بوون بۆ ئه‌نقه‌ره. له پاریس له رووی ئاشكرا كردنی فه‌رمان و راسپارده‌كانی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری، پۆلیس و سیاسه‌تمه‌ده‌ره‌كان سستی و داخرانێك هه‌بوو. له‌و كاته‌دا له به‌لجیكا رووداوێك هاته ئاراوه.
له حوزه‌یرانی 2017دا له دژی ره‌مزی كارتاڵ هاوسه‌رۆكی كۆنگره‌ی گه‌ل و زوبه‌یر ئایدار ئه‌ندامی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌جه‌كه هه‌وڵێكی تیرۆركردن هاتبوه ئاراوه. له باره‌ی ئه‌و رووداوه‌وه لێپرسینه‌وه ده‌ستیپێكردبوو و له 18ی حوزه‌یرانی 2021داش بڕیاری كردنه‌وه‌ی دۆسیه‌كه درابوو. یه‌كه‌م دانیشتنی دۆسیه‌كه هه‌ر له‌و ساڵه‌دا و له یه‌كی تشرینی یه‌كه‌مدا ئه‌نجامدرا. ئه‌و دۆسیه‌یه تۆڕێكی به‌ربڵاوی تیرۆر و سیخوڕی له ئه‌رووپای خستبووه روو، ده‌ركه‌وتبوو كه زۆر كه‌س له‌وانه ئیسماعیل حه‌قی مو‌سا باڵیۆزی پێشووی توركیا له پاریس ده‌ستیان له كۆمه‌ڵكوژیه‌كه‌ی پاریس‌دا هه‌بووه. له دۆسیه‌كه‌دا چه‌ند ئاماژه‌یه‌كی به‌رچاو هه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی له هه‌وڵی تیرۆركردنه‌كه‌ی به‌لجیكادا به‌شداربوون، له‌لایه‌ن ئیسماعیل حه‌قی موساوه رێكخراون و ئاراسته‌كراون.
ئه‌وه‌ش یه‌كلایی بووه‌وه كه ئه‌و كه‌سانه‌ی له گروپی هه‌وڵی تیرۆره‌كه‌دا به‌شداربوون، په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ ئه‌نقه‌ره و كۆشكی سه‌رۆككۆماری توركه‌وه هه‌یه. لێكۆڵینه‌وه‌ی ته‌كنیكی، په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فونییه‌كان، وێنه و دانپێدانان. هه‌موو ئه‌وانه ده‌ریانخست كه له كۆمه‌ڵكوژییه‌كه‌ی پاریسه‌وه تا هه‌وڵی تیرۆركردنه‌كه له بروكسه‌ل به فه‌رمان و بڕیاری ئه‌نقه‌ره، له ئه‌وروپا تۆڕێكی به‌رفراوانی تیرۆركردن و كردنه ئامانج هه‌یه.
فه‌ره‌نسا نایه‌وێت كۆمه‌ڵكوژییه‌كه روونبكرێته‌وه
له‌به‌ر ئه‌و به‌ره‌وپێشچوونه له به‌لجیكا بنه‌ماڵی هه‌ر سێ شۆڕشگێره كورده‌كان، له باره‌ی كۆمه‌ڵكوژییه‌كه‌ی پاریسه‌وه ده‌ستیان به لێپرسینه‌وه و به‌دواداچوونی نوێ كرد. به‌ڵام له‌به‌رده‌م روونكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵكوژیه‌كه، سیاسه‌تمه‌داران، پۆلیس و به وته‌یه‌كی دیكه‌ی ئاسته‌نگی ده‌وڵه‌ت هه‌یه. حكومه‌تی فه‌ره‌نسا و ده‌زگای هه‌واڵگری سه‌رباری هه‌موو داواكاری و ناڕه‌زایه‌تیه‌كان زانیارییه‌كانی به‌رده‌ستیان ئاشكرا ناكه‌ن. ئاشكرا ببوو كه زه‌مینه و شوێنپێی سه‌ره‌كی گروپی تیرۆركردنه‌كه‌ی به‌لجیكا له فه‌ره‌نسایه. ده‌زگای پۆلیسی فه‌ره‌نسا نه‌یویست كه له‌گه‌ڵ لێپرسینه‌وه‌كانی به‌لجیكاش هاوكاری بكه‌ن.
نكۆڵی كردن له دادپه‌روه‌ری
ژان لویز ماڵتر كه پارێزه‌ری بنه‌ماڵه‌كانی هه‌ر سێ ژنه شۆڕشگێڕه‌كه‌ی كورده ئاسی له‌وه‌كرد كه نۆ ساڵ به‌سه‌ر كۆمه‌ڵكوژیه‌كه‌دا تێپه‌ڕیوه، به‌ڵام هیچ به‌ره‌وپێشچوونێك له ئارادا نییه.
مالترێ قسه‌ی بۆ ئاژانسی هه‌واڵی فورات (ANF) كرد و وتی "به‌داخه‌وه له دۆسیه‌كه‌دا هیچ به‌ره‌وپێشچوونێك نییه. كاربه‌ده‌ستانی سیاسی نه‌یانویست نهێنی ده‌وڵه‌ت هه‌ڵبده‌نه‌وه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌زگای پۆلیسیش چالاك نییه".
ده‌سته‌ی كوردانی دیموكراتی له فه‌ره‌نسا ( جه‌ده‌كه-فه/ CDK-F) و بزوتنه‌وه‌ی ژنانی كوردی فه‌ره‌نسا (ته‌ژه‌كه-فه)ش رایانگه‌یاند، هه‌ڵدانه‌وه‌ی نهێنی ده‌وڵه‌ت ره‌تكراوه‌ته‌وه و ئه‌وه‌ش له به‌رده‌م ئاشكراكردنی راستیه‌كان بووه‌ته به‌ربه‌ست. له راگه‌یه‌نراوی هاوبه‌شی هه‌ر دوو رێكخراوه‌كه‌دا هاتووه، "حكومه‌تی فه‌ره‌نسا ده‌یه‌وێت تاوانی تیرۆر كه دامه‌زراوه شاراوه‌كانی تورك له‌سه‌ر خاكی فه‌ره‌نسا ئه‌نجامیانداوه به بێ سزا تێپه‌ربێت. هه‌ڵنه‌دانه‌وه و نه‌كردنه‌وه‌ی نهێنی ده‌وڵه‌ت به واتای نكۆڵیكردنه له دادپه‌روه‌ری. تا راستی و دادپه‌روه‌ری ئاشكرا نه‌كرێت فه‌ره‌نسا تاوانبار ده‌بێت".
هـ . ب