مانگرتن و چالاکی و خۆپیشاندانەکان لە ڕۆژهەڵات و ئێران بەردەوامن
خۆپیشاندان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران سەرەڕای هەڕەشە و هێرشی هێزەکانی دەوڵەتی ئێران بەردەوامن.
خۆپیشاندان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران سەرەڕای هەڕەشە و هێرشی هێزەکانی دەوڵەتی ئێران بەردەوامن.
ڕاپەڕینی 'ژن، ژیان، ئازادی' کە لە دوای کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن 'پۆلیسی ئەخلاقی' دەوڵەتی ئێرانەوە دەستیپێکرد تاوەکو دێت گەورەتر دەبێت. لە ئەنجامی ئەو گەورەبوون و گەشەکردنەدا هێرشی هێزەکانی دەوڵەتیش بۆ کۆتایی پێهێنانی چالاکییەکان ڕوویان لە زیاتر و توندتر بووونەتەوە.
لە تاران هێزەکانی دەوڵەتی ئێران بە چەک هێرشیان کردە سەر خوێندکارانی تاران و ژمارەیەک خوێندکاریان بریندار کرد.
شەوی ڕابردوو خۆپیشاندەران لە سەقز ئاگریان لەسەر شەقامەکان کردەوە و دروشمی ئازادیان وتەوە. هاوکات لەگەڵ چالاکییەکاندا دووکان و بازاڕەکانیش داخران.
هەروەها لە شاری بۆکان مانگرتن هەبوو، دووکان و بازاڕەکان داخران و کرێکاران نەچوونە سەر کارەکانیان. هەروەها لە شاری مەریوان بۆ یادی چلەی شەهیدانی زاهیدان بازاڕ و دوکانەکان داخران.
دانیشتوانی شاری قوروێیش ڕژانە گۆڕەپان و مەیدانەکان و ناڕەزاییان نیشاندا. هاوکات کچەخوێندکارەکان بەدروشم لەشەقامەکان ناڕەزایەتیی خۆیان نیشاندا.
هەروەها لە شاری سنە مانگرتن هەبوو و هەموو دووکان و بازاڕەکان داخرابوون.
خوێندکارانی زانکۆی هونەری تەورێز بەشانۆگەرییەک تیشکیان خستەسەر کۆمەڵکوژیی خۆپیشاندەران لەزاهیدان.
لە چلەی "هەینی خوێناویی زاهیدان" دووکانەکان نەکراونەوە.
هێزێکی گەورە لەسەر ڕێگای نێوان سنە -دیواندەرە بینراوە.
دوو زیندانی سیاسی بەلوچ بە ناوەکانی ڕەشید بەلوچ و ئیسحاق ئەسکانی لە زیندانی زاهیدان لەسێدارەدران. ئەو دوو دەستگیرکراوە ٥ ساڵ پێش ئێستا بەتۆمەتی کوشتنی ٧ سەربازی دەوڵەت لەسەر سنووری بەلوچستان دەستگیرکرابوون و سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنرابوو.
بەگوێرەی زانیارییەکان لە ناوچەکەوە، دەوڵەتی ئێران هەوڵ دەدات بە توندوتیژی و هێرش بۆ سەر خۆپیشاندانەکان، کۆتایی بە چالاکییەکان بهێنێت، بۆ ئەو مەبەستەش بەتوندی پەلاماری چالاکوانان دەدات و هەڕەشەی کوشتنیان لێدەکات.
بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، لە کاتی دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکان دا لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەلایەنی کەمەوە ٣٠٤ کەس کوژراون، کە ٤١ کەسیان منداڵ بوون.
نیگەرانی هەیە، کە ئەم ژمارەیە زۆر زیاتر بێت.
ژ.ت