نه‌ته‌ویه‌كگرتووه‌كان ناڕه‌زایه‌تی به‌رامبه‌ر به‌ توندوتیژی له‌ دژی خۆپیشانده‌ران له‌ ئێران ده‌ربڕی

كۆمیساریای باڵای مافه‌كانی مرۆڤی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان داوای كرد، ده‌ستبه‌جێ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ كوژرانی كچه‌ كورد ژینا (مه‌هسا) ئه‌مینی بكرێت و ناڕه‌زایه‌تیشی به‌رامبه‌ر توندوتیژی ده‌وڵه‌تی ئێران به‌رامبه‌ر خۆپیشانده‌ران ده‌ربڕی.

نوێنه‌ری كۆمیسیاری باڵای مافه‌كانی مرۆڤی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان نه‌دا ئه‌لناشیف سه‌باره‌ت به‌ كوژرانی ژینا ئه‌مینی له‌لایه‌ن "پۆلیسی ئه‌خلاق"ی ئێرانه‌وه‌ و چالاكییه‌كانی شه‌رمه‌زاركردن راگه‌یه‌نراوی بڵاوكرده‌وه‌.

ئه‌لناشیف "نیگه‌رانی"ی نیشاندا و وتی، "مه‌رگی كاره‌ساتباری مه‌هسا ئه‌مینی، ده‌نگۆكان له‌ باره‌ی ئه‌شكه‌نجه‌ و كرده‌وه‌ی نه‌شیاو، به‌ تایبه‌تی ئاشكراكردنی راستی، ده‌بێت ده‌ستبه‌جێ لێكۆڵنه‌وه‌ی له‌باره‌وه‌ بكرێت".

وته‌بێژی كۆمیساریای باڵای مافه‌كانی مرۆڤ راڤینا شامداسانیش باسی له‌وه‌كرد، كه‌ له‌ كاتی چالاكی ناڕه‌زایه‌تیدا ٢ بۆ ٥ كه‌س كوژراون.

رێكخراوی مافی مرۆڤی هه‌نگاو رایگه‌یاندبوو، كه‌ له‌ شاره‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ٥ كه‌س كوژراون.

شامداسانی رایگه‌یاند، كه‌ پۆلیسه‌كان "فیشه‌كی راسته‌قینه‌" و گازی فرمێسكڕێژیان به‌كارهێناوه‌.

هـ . ب