"نه‌ورۆزی ٢٠٢٢ مزگێنی گۆڕانكاری ده‌دات"

هه‌ده‌په‌ و لایه‌نه‌ سۆسیالیسته‌كان باسیان له‌وه‌كرد، ئه‌وان ناچار و ملكه‌چی دوولایه‌نی راستگری توركیا نین، رێگای سێهه‌م مسۆگه‌ره‌ و وه‌ك 'مزگێنی گۆڕانكاری' پێشوازی له‌م نه‌ورۆزه‌ ده‌كه‌ن.

هێشتا چه‌ند رۆژی ماوه‌ بۆ نه‌ورۆز، به‌ڵام جۆش و خرۆش به‌رده‌وامه‌. نه‌ورۆز له‌ لای كوردان و لایه‌نه‌ چه‌پگر و هاوپه‌یمانه‌كانیان ته‌نیا وه‌ك سه‌رتای به‌هار نییه‌، هه‌روه‌ها وه‌ك نوێبوونه‌وه‌ش ده‌یبینن.

هه‌ده‌په‌یی و لایه‌نه‌ سۆسیالیسته‌كان به‌ر له‌ نه‌ورۆزی ئیسته‌نبوڵ له‌ یه‌نیكاپی به‌ دروشمی "كاتی گۆڕانكارییه‌" باسیان له‌وه‌كرد، له‌ دژی زوحاكه‌كان ئاگری كاوه‌كان هه‌موو ساڵێك به‌گوڕتر ده‌بێت.

چه‌نگیز جه‌مره‌ی هه‌ده‌په‌یی باسی له‌وه‌كرد، به‌ رق و توڕه‌ییه‌وه‌ به‌ره‌و پێشوازی له‌ نه‌ورۆز ده‌چن. باسی له‌وه‌شكرد، گه‌ل چیتر له‌به‌رامبه‌ر نادادپه‌روه‌ری بێده‌نگ نابێت و جه‌ختی كرده‌وه‌، نه‌ورۆزی ئه‌مساڵ نه‌ورۆزێك ده‌بێت كه‌ تیایدا ئاگری سه‌رهه‌ڵدانی كاوه‌ دژی زوحاك توندتر و به‌ گوڕتر ده‌بێت.

جه‌مره‌ رایگه‌یاند، كه‌ نه‌ورۆز مزگێنی ده‌دات كه‌ تێكۆشان له‌ باكوری كوردستانه‌وه‌ تا شاره‌كانی توركیا گه‌شتر ده‌بێت و وتی، "ئێستا كاتی سه‌ركه‌وتنه‌".

له‌پارتی سه‌رله‌نوێ بونیاتنانه‌وه‌ی سۆسیالیست (سه‌یه‌كه‌په‌) گوڵشای دالڤه‌ره‌ن باسی له‌وه‌كرد، نه‌ورۆزی ئه‌مساڵ زیاتر جیاوازه‌ و وتی، نه‌ورۆز مزگێنی ئه‌وه‌ ده‌دات كه‌ له‌ دژی دوفاقیه‌تی هاوپه‌یمانێتیه‌كانی جومهور و میلـله‌ت كه‌ به‌سه‌ر گه‌لدا ده‌سه‌پێنرێت، "ئێمه‌ش هه‌ین".

ده‌لاڤه‌ره‌ن باسی له‌وه‌كرد، كه‌ رێگای سێهه‌م مسۆگه‌ره‌، ئه‌وان له‌ گۆڕه‌پانه‌كان جارێكی تر ئه‌وه‌ دوپاتده‌كه‌نه‌وه‌ و وتی، "له‌ گۆڕه‌پانی نه‌ورۆز ئێمه‌ په‌یامی گرنگ ده‌ده‌ینه‌ ده‌سه‌ڵات و هاوپه‌یمانی شه‌ لایه‌نه‌. بژارده‌كانی ئێمه‌ به‌و جۆره‌ خه‌یاڵیه‌ نییه‌ و به‌ دڵنیاییه‌وه‌ جێگره‌وه‌كان هه‌یه‌. ئێمه‌ زیاتر له‌ هه‌موان گوشار و زۆرداریمان بینیوه‌، له‌ هه‌موو كات زیاتر قسه‌مان بۆ وتن هه‌یه‌".

هـ . ب