نوێنەرایەتی هەدەپە لە هەولێر: ئاسایشی پەدەکە داوای سیخووڕی لە ئەندامەکانمان دەکات

نوێنەرایەتی هەدەپە لە باشووری کوردستان، ڕایگەیاند کە لە هەولیر، دهۆک و زاخۆ گووشارێکی مەزن بۆسەر ئەندامانی هەدەپە هەیە و داوای سیخووڕیان لێدەکرێت.

نوێنەرایەتیی هەدەپە لە باشووری کوردستان، داوای سەربەستکردنی ئەندامە دەستگیرکراوەکەیان دەکات و ڕایدەگەیەنێت، کە لە هەولێر و زاخۆ و دهۆک فشارێکی زۆر لەسەر ئەندامەکانیان هەیە، ئاسایش بانگیان دەکات و داوای سیخوڕییان لێدەکات، یەکێک لەو ئەندامانەی هەدەپەش کە داوای سیخوڕیی لێکراوە، دەڵێت: مەترسیی لەسەر ژیانم هەیە و پێیانڕاگەیاندووم، کە مافی ژیانم لە هەولێر نییە.

ئەمڕۆ، خانەوادەی هەریەک لە نیعمەت گونەش و حەسەن کاچار، ئەندامانی هەدەپە، کە زیاتر لە مانگێکە لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە یەکێکیان دەستگیرکراوە و ئەوی دیکەش داوایان لێکردوە هەولێر بەجێبهێڵێت، سەردانی نوێنەرایەتیی هەدەپەیان کرد شاری هەولێر و باسیان لەو هەوڵانە کرد، کە پێویستە بۆ ڕاگرتنی فشارەکان بگیرێنە بەر.

مزگین ئاری، ئەندامی نوێنەرایەتیی هەدەپە لە باشووری کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنیوز، تیشکی خستە سەر فشارەکانی ئاسایشی پەدەکە لەسەر ئەندامەکانیان و وتی:”چوار مانگە لە هەولێر، زاخۆ و دهۆک فشارێکی زۆر دەخرێتە سەر ئەندامەکانمان، یەک یەک بانگییان دەکەن بۆ ئاسایش."

مزگین ئاری، باسی لەوەش کرد، کە ئەندامەکانیان لەسەر فکرێکی سیاسیی، لەلایەن دەوڵەتی تورکی داگیرکەرەوە ئازار دەدرێن، ئەوانیش لە باکوورەوە هاتوونەتە باشووری کوردستان، کە ماڵی خۆیانە، با ئێرەشیان لێنەکرێت بە زیندان.

ئەو ئەندامەی هەدەپە، ڕایگەیاند”شەرمەزارییە، کاتێک ئەندامەکانمان بانگ دەکەن بۆ ئاسایش، داوایان لێدەکەن سیخوڕییان بۆ بکەن، ئایا برا سیخوڕیی بەسەر برای خۆیەوە دەکات”؟، وتیشی:”ئەندامەکانی ئێمە ئەگەر سیخوڕییان بکردایە بۆ دەوڵەتی تورکیان دەکرد."

مزگین ئاری، هەموو ئەو تۆمەتانەشی ڕەتکردەوە، کە ئاسایش و پاراستن بیانەوێت بۆ ئەندامەکانیان دروستی بکەن و وتی:”ناتوانن تۆمەتیان بۆ دروست بکەن، هیچ تاوانێکیان ئەنجام نەداوە."

جەختیشیکردەوە، ئەگەر نیعمەت گونەش، کە ئێستا لە دەستی پاراستنی پەدەکەدایە ئازاد نەکرێن، ئەوا چالاکییەکان دەبەنە بەردەم پەرلەمان و بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان.

هەروەها، فەهیمە، هاوسەری نیعمەت گونەش، مانگێک و ١٠ ڕۆژە گونەش دەستگیرکراوە، لەوکاتەوە هیچ زانیارییەکمان لەسەری نییە، چەندین جار سەردانی ئاسایشمان کردوە، بەڵام نە نیشانمان دەدەن و نە ڕێگا دەدەن بە تەلەفۆن پەیوەندیی لەگەڵ بگرین.

ک-ش