نەورۆز لە کۆنیا و ئایدن و مانیسا و چاناکال

لە کۆنیا و ئایدن و مانیسا و چاناکال گەل بۆ نەورۆز ڕژانە گۆڕەپانەکان.

نەورۆز بە درووشمی "ڕاپەڕە کاتی ئازادی و سەرکەوتنە" لە چەند شارێکی باکوری کوردستان و ڕۆژئاوای تورکیا بە جۆشەوە پیرۆز دەکرێت.

ئایدن

لە شارەکانی ئایدن و مانیسای هەرێمی ئەگێ ئاهەنگی نەورۆز بەڕێوەچوون. لە ئایدن ئاهەنگەکە لە گەڕەکی عوسمان یۆزگاتلی ئەنجامدرا و سەدان کەس بەشداربوون. ژنان بە جلوبەرگی کوردییەوە بەشداربوون، هەڵپەڕکێ بەسترا و درووشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "ژن، ژیان، ئازادی" بەرزکرایەوە.

ئاهەنگە بە خوێندنەوەی سروودی "چەرخی شۆڕش" خولەکێک ڕێزگرتن دەستی پێ کرد.

پەرلەمانتاری دەم پارتی ساروخان ئۆلوچ گوتی: "ئێمە لەگەڵ نەخشەڕێگای بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالانین کە نەورۆزی ٢٠١٣ ڕەوانەی کردبوو. بۆ جێبەجێکردنی نەخشەڕێگاکە درێژە بە تێکۆشان دەدەین".

پاش وتارەکان، ئاگری نەورۆز کرایەوە، هاوڵاتیان لەدەوری ئاگرەکە هەڵپەڕین.

مانیسا

ئاهەنگەکەی مانیسا لە گۆڕەپانی لالە لە ناوچەی یونوسەمری ئەنجامدرا. سەدان کەس بەشداربوون. ژنان بە جلوبەرگی کوردییەوە بەشداربوون.

پەرلەمانتاری دەم پارتی میدحەت سانجار لە ئاهەنگەکەدا ڕایگەیاند کاتی گۆڕانکاریە لە تورکیا و مانیسا، ئەم گۆڕانکاریەش بە دەم پارتی دەکرێت.

پاشان دایکانی ئاشتی ئاگری نەورۆزیان کردەوە، دواتر ئاهەنگەکە بە گۆرانی و هەڵپەڕکێ کۆتایی هات.

کۆنیا

ئاهەنگەکەی کۆنیا لە بازاڕی سێ شەمە لە ئوگورلو ئەنجامدرا. سەدان کەس بەشداربوون، بەشداربووان جلوبەرگی کوردیان پۆشیبوو، پانکارتی "ڕاپەڕە، کاتی ئازادی و سەرکەوتنە" هەڵواسرا.

پەرلەمانتاری دەم پارتی عومەر ئۆجالان ڕایگەیاند هەزاران ساڵە گەلی کورد و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین بە ڕۆحی نەورۆز دژی ستەم تێدەکۆشن، بانگەوازی لە دەوڵەتی تورک کرد: "مادام دەڵێن کورد "خوشک-برای ئێمەن"، ئیرادەی گەلی کورد قبووڵ بکەن، لە دوورگەی ئیمراڵی، سیاسەتی توندی گۆشەگیری لەسەر بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان هەیە. ئاخۆ لە یاسای تورکیادا گۆشەگیری هەیە؟ ئەوە چەند ساڵە زانیاری دەربارەی بەڕێز ئۆجالان نیە، لە ٢٠١٥ ـەوە هەر چوار پارچەی کوردستان بۆتە گۆڕەپانی شەڕ. گەلەکەمان شەڕی ناوێت، بۆ ئاشتییەکی شکۆدار لە تورکیا و کوردستان، بۆ دیموکراسی دەبێت گۆشەگیری سەر بەڕێز ئۆجالان هەڵبگیرێت، پرۆسەی چارەسەری دیموکراتیک دەست پێ بکات".

پاشان ئاگری نەورۆز کرایەوە، ئاهەنگەکە بە گۆرانی و هەڵپەڕکێ بەردەوام بوو.

چاناکال

ئاهەنگەکە چاناکال لە گەڕەکی ئەسینلەر ئەنجامدرا، لە گۆڕەپانەکەدا پانکارتی "بە ئاگری نەورۆز، بەرەو ئازادی"، "ناتوانن ڕۆژەکەمان تاریک بکەن" هەڵواسرا. هاوڵاتیان بە جلوبەرگی نەتەوەییەوە بەشداربوون. چەندین جار درووشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "ژن، ژیان، ئازادی" بەرزکرایەوە.

کاندیدی دەم پارتی، جانان ئایتاچ گوتی: "ئێمە نەوەی کاوەی ئاسنگەر و هاوڕێی مەزڵوم دۆغانین".

جەماوەر درووشـمی "نەورۆز پیرۆز بێت" و "بژی سەرۆک ئاپۆ"یان بەرزکردەوە، ئاهەنگەکە بە گۆرانی و هەڵپەڕکێ کۆتایی هات.