نەورۆزی ئەنقەرە: با دەمودەست گۆشەگیری کۆتایی بێت

لە ئەنقەرە لە ئاهەنگی نەورۆز بە بەشداری هەزاران کەس بەڕێوەچوو، ناڕەزایەتی بەرامبەر گۆشەگیری نیشاندرا، بەردەوام درووشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" بەرزدەکرایەوە.

ئاهەنگی نەورۆزی ئەنقەرە بە درووشمی "ڕاپەڕە کاتی ئازادی و سەرکەوتنە" لە ئانتی پارک ئەنجامدرا. هەزاران کەس بەشداربوون. گەنجان و ژنان بەشدارییەکی بەرچاویان کرد. هاوڵاتیان بۆ ماوەیەکی درێژ هەڵپەڕین. درووشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "ئازادی بۆ زیندانیان"یان بەرزکردەوە.

پاش خولەکێک ڕێزگرتن لە شەهیدانی تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسی. لە ئاهەنگەکەدا نامەی کاندیدی دەم پارتی بۆ هاوسەرۆکی شارەوانی شاری مەزنی ئەنقەرە، گوڵتان کشاناک خوێنرایەوە.

کاندیدی دەم پارتی بۆ هاوسەرۆکی شارەوانی شاری مەزنی ئەنقەرە، ئۆزتورک تورکدۆغان ڕایگەیاند دەم پارتی تەنها هی کوردان نییە، بەڵکو پارتی چەپ و سۆسیالیستەکانیشە، ئاشتی دەهێنینە ئەم وڵاتە، هاوپەیمانیمان لەگەڵ کەس نییە، تەنها داوای دەنگدان بە دەم پارتی دەکەین.

پەرلەمانتاری دەم پارتی وان، پەروین بوڵدان ڕایگەیاند پرسی کورد لە گۆڕەپانی ئاهەنگەکانی نەورۆز دەرکەوتووە، گوتی: "لە گۆڕەپانەکاندا خواستی ئاشتی لە تورکیا دەرکەوتووە. گوڵتان کشاناک ئەمڕۆ بەهۆی پرسی کوردەوە لە زیندانە. ئێشکگری دادپەروەری ئەمینە شەنیشار لەبەر پرسی کوردە".

پاشان بوڵدان ناڕەزایەتی بەرامبەر گۆشەگیری ئیمراڵی دەربڕی و گوتی: "ئەمڕۆ بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیری سەر بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان، هەزاران زیندانی سیاسی مانیان لە خواردن گرتووە. سڵاویان لێ دەکەم. گۆشەگیری تاوانێکی دژی مرۆڤایەتییە. جارێکی تر بانگەواز دەکەین، دەمودەست گۆشەگیری ئیمراڵی هەڵبگرن و بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەرانی کۆ ببێتەوە. زیندانیان بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیری لە مانگرتندان، دایکان ئێشکگری دەگرن و ڕێپێوانی ئازادی ئەنجام دەدەن، بەڵام ئەنقەرە کەڕ و لاڵە. وەڵامی هەرە مەزن لەسەر سندووقەکان دەدەینەوە".

پاشان ئاهەنگەکە بە هەڵپەڕکێ کۆتایی هات.