نوسینەگەی یاسایی سەدە: پەردەیەکی شاراوە لە ئیمراڵی هەیە

نوسینگەی یاسایی سەدە سەرەنجی خستە سەر گۆشەگیری ئیمراڵی و وتی: "ناتوانین هیچ زانیارییەک لە عەبدوڵا ئۆجالانەوە بەدەستخەین. پەردەی شاراوە لە ئیمراڵی هەیە."

نوسینگەی یاسایی سەدە

نوسینەگەی یاسایی سەدە پەیوەست بە موەکیلەکانیان؛ عەبدوڵا ئۆجالان، عەمەر خەیری کۆنار، حامیلی یەلدرم و وەیسی ئاکتاش ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە، کە لە ٢٥ی ئاداری ٢٠٢١ەوە تا ئێستا کە ماوەی ٣ ساڵە هیچ زانیارییەک لە بارەیانەوە بەدەستنەخراوە.

نوسینگە ئەوەی دیاریکرد ماوەی ٣ ساڵە هیچ زانیارییەک لە موەکیلەکانیانەوە وەرناگرن، هەر لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەدراوە کە دابڕینی پەیوەندی موەکیلەکانیان بە دەرەوە، نیشانەی ئەوەیە لە دورگەی ئیمراڵیدا 'پەردەیەکی شاراوە' هەیە.

هەر لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: " ئەو گۆشەگیرییە سەختەی لە ئارادایە، کردەوەیەکی ئارەزوومەندانەیە و هەروەها 'بڕیاری دادوەری' هیچ بوونێکی لە یاسا و ڕێسای تورکیادا نیە. سزای دیسپلین کە وەک پاساوێک بۆ داواکاریی بنەماڵەکان پیشان دەدرێت و ئاستەنگ لە پێش سەردانی پارێزەران دروستدەکات، لە دژی یاسا و ڕیسایە، ئەوە نیشان دەدات کە خاوەنداری لە بریاری تاوان دەکەن. هەرەوەها دان بە مافی نوسین و تەلەفونیش نانرێت. بەپێی پێوەرەکانی ماندێلا دابرینی پەیوەندی بە دەرەوە مەحاڵە. لە هەر بارودۆخێکدا بێت زیندانیکراو ڕێگەی ئەوەی هەیە لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا پەیوەندی هەبێت. بۆیە ئەم ڕێگریکردنانە و ئەو دۆسیە و بڕیارانە کە وەک پاساو دادەنرێت، لە پارێزەران دەشارێتەوە.

ئەم کردەوانەش نیشاندەری ئەوەیە لە دورگەی ئیمراڵی پەردەیەکی شاراوە هەیە. پەیوەست بە موەکیلەکانمانەوە کە لە زیندانییەکی دورگەیەکدا ڕاگیراون، نە بنەماڵە نە پارێزەر ماوەی ٣ ساڵە هیچ زانیاریەکیان لەبارەوە نیە. پەیوەست بە مافە تەندروستیەکان و ژیانیان هیچ زانیارییەکمان نیە."

ڕەوشی نەبوونی زانیاریی ڕەها، کە لە مێژوودا نموونەی نییە، مۆدێلێکە لە ئەشکەنجەدانی سەخت. بەهۆی داواکاریی ئێمە لە کۆمیتەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کۆتایی هێنانی دەستبەجێی بەم نەبوونی زانیاری ڕەهایە، کە وەک ڕەهەندێکی ئەم ڕژێمە ئەشکەنجەیە بەکاردێت و لەگەڵ ڕێساکان یەک ناگرێتەوە، کۆمیتەکە بڕیاری ڕێگرتنی لەدژی دابوو. لە مانگی ئەیلولی ساڵی ٢٠٢٢ کۆمیتەکە داوای لە حکومەتی تورکیا کرد "ڕەوشی نەبوونی زانیاری ڕەهای داواکاران کۆتایی بێت و بەبێ هیچ ئاستەنگێک داواکاران بتوانن بگەنە پارێزەری دڵخوازی خۆیان" لەبەرئەوەی ئەم بڕیارە جێبەجێ نەکرا، کۆمیتەکە لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ بڕیاری دەرکرد تاوەکو حکومەت ڕێکار بگرێتە بەر. بەڵام حکومەت دیسان یاسا نێونەتەوەییەکانی جێبەجێ نەکرد. بڕیارەکەی جێبەجێ نەکرد و پێداگری کرد لە سیاسەتی نەبوونی زانیاری ڕەها.

لە مانگی ئەیلولی ساڵی ٢٠٢٢، ڕەوشی نەبوونی زانیاری ڕەها بەشێوەیەکی قووڵتر بەردەوام بوو، لەوکاتەدا سی پی تی سەردانی ئیمراڵی کرد. بەڵام تا ئێستا ڕاپۆرتی خۆی سەبارەت بەم سەردانە بڵاونەکردۆتەوە، هەروەها سەبارەت بە مەرجەکانی ڕاگرتن و تەندروستی هیچ ڕاگەیاندراوێکی بۆ ڕای گشتی نەداوە. دیسانەوە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا، سەرەڕای تێپەڕینی ١٣ ساڵ، بەڵام خۆی لە بڕیاردان دەپارێزێت دەربارەی داواکارییە چارەنووسسازەکان، لەوانەش گۆشەگیری ئیمراڵی. بە دڵنیاییەوە هاوشانی حکومەت، هەڵوێستی ئۆرگانەکانی کۆنسە ئەوە نیشان دەدات کە ڕەفتارەکان لە ئیمراڵی بە بڕیاری یاسایی نەبوون، بەڵکو بە بڕیاری سیاسی لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی ئەنجامدراون.

هەروەها تەواو ڕوونە کە ڕژێمی گۆشەگیری ڕەها پێشنیاری جڤاکی دیموکراتیک و ئیکۆلۆژی و ئازادی ژنی بەڕێز ئۆجالان دەکاتە ئامانج. سەرەڕای ڕژێمی گۆشەگیری توند، ئەو پڕۆژە چارەسەرییە بەهێزانەی کە پێشی خستوون، تێکۆشانەکەی لەپێناو گەلان، ئەو هێزی ڕامان و ئایدۆلۆژیایەی بەرهەمی هێنا؛ نەک هەر لە تورکیا، بەڵکو لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناویندا، بەرامبەر بە سیاسەتەکانی دوژمنایەتی و شەڕ، بووەتە باشترین ئەڵتەرناتیڤی مۆدێلی ژیان. بۆیە کۆتاییهێنان بەو سیستمە گۆشەگیرییەی کە بەسەر بەڕێز ئۆجالاندا سەپێنراوە، هەنگاوێکی مەزن دەبێت بۆ بنیاتنانەوەی دیموکراسی لە تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوین. کاریگەری سیاسەتی نەبوونی زانیاری ڕەها لەسەر بەڕێز ئۆجالان، بە ڕوونی لە بوارەکانی ژیاندا دەبینرێت.

تا سیاسەتی گۆشەگیری لە ئیمراڵی قووڵتر دەبێت، کێشەی کورد و قەیرانە هەمەلایەنەکانی تورکیا مەزنتر دەبن. تاکە ڕێگەی دەرچوون لەم ڕەوشە پڕ قەیرانە و بونیادنانی جڤاکێکی دیموکراتیک و ئاشتیانە، بەستنی پەیوەندییە بەڕێز ئۆجالانە لەگەڵ جیهانی دەرەکی. بۆ تێپەڕاندنی کێشە مێژوویی و ژیانییەکانی سەر ئەم جوگرافیایە، کۆتایی هێنان بە گۆشەگیری گرنگە. ئەو جەماوەرەی لەم ڕاستییە دەگات، لە گۆڕەپانەکان ناڕەزایەتی دەردەبڕێت. هەروەها نەبوونی هەڵوێستی پێشەنگانی جڤاک وەک کەسانی سیاسەتمەدار و مافناس و نوێنەری ڕێکخراوە مەدەنییەکان و ڕۆشنبیران، قبووڵکراو نییە. بۆیە بانگەواز لە بەردەنگانی پەیوەندیدار دەکەین ڕاستییەکان دەربڕن و بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ بکەن.

لەم ڕووەوە دەمانەوێت دیسانەوە ئاشکرای بکەین، بەگوێرەی بەرپرسیارێتییەکان لەڕووی پرەنسیپی یاسای نێوخۆیی و نێونەتەوەییەکانەوە، پێویستە مافی موەکیلەکانمان، بەتایبەت مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ پارێزەران بەبێ سنووردارکردن دەمودەست مسۆگەر بکرێت. ڕەوشی نەبوونی زانیاری ٣ ساڵە بۆ ئێمەی پارێزەران و زۆربەی جڤاک بۆیە مایەی نیگەرانی و دەبێت دەمودەست ئەم ڕەوشە کۆتایی بێت".