پ.د. کۆرادی: عەبدوڵا ئۆجالان رۆڵی گەورەی لە تێکۆشانی ئازادیدا هەبووە

لە زانکۆی کالابریا پ.د. لاورا ماریا کۆرادی رایگەیاند، کە رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بە شرۆڤەکانی لەسەر دەوڵەت و باوکسالاری رۆڵی گەورەی لە تێکۆشانی ئازادی لە سەرتاسەری جیهاندا هەبووە.

لە مامۆستایان زانکۆی کالابریای ئیتالیا پ.د لاورا ماریا کۆرادی باسی لەوەکرد کە سیاسەتی گۆشەگیری دەوڵەتی تورک بەڵگەیە لە سەر ترسی ئەو دەوڵەتە لە هێمای رێبازی ئازادی.

لە قسەکانیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات ANF))، پ. د کۆرادی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو گۆشەگیرییەی کە بەسەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالاندا سەپێندراوە، کردەوەیەکی ستەمکارانەیە و ئەوەش لەلایەن ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان و گروپە فریاگوزارییە مرۆییەکان و بەشێک لە حکومەتەکانەوە پشتڕاستکراوەتەوە. پڕۆفیسۆر کۆرادی بە بیری هێنایەوە کە زیاتر لە ٣٠ مانگە پارێزەران و بنەماڵەکەی هیچ دیدارێکیان لەگەڵدا ئەنجام نەداوە و هیچ زانیارییەک لەبارەیەوە بەردەست نییە و سەرنجیشی راکێشا بۆ سەر نیگەرانیەکان لە بارەی ژیانی ئۆجالان.

بەڵگەی ترسی حکومەتی تورکە

بە جەختکردنەوە لەوەی کە حکومەتی تورک بەم جۆرە مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکات و دەسەڵات خراپ بەکاردەهێنێت، وتی: ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ترسی لە هێمای دەیان ساڵەی ڕێگای ئازادی، لە چ ئاستێکدایە. کۆرادی لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ٨ی تشرینی یەکەم ٢٥ ساڵەی ئەو ڕۆژە بوو کە عەبدوڵا ئۆجالان بە بەڵێنی مافی پەنابەری سیاسی هاتە وڵاتەکەم ئیتالیا. لەگەڵ دینۆ فریسولۆ و ئیتاڵییەکانی دیکە کە یاوەری بوون گەیشتە ئەوێ. حکومەت بەڵێنەکەی نەبردە سەر. پاشان بردیان بۆ کینیا و لەوێوە رفاندیان بۆ تورکیا. دوای ئەوەی بە شێوەیەکی نایاسایی رفاندیان و بەدیلیان گر، ئەو کاتە مافی پەنابەری سیاسییان پێدا".

دژوارترە لە هەلومەرجی گرامشی

پڕۆفیسۆر کۆرادی ڕایگەیاند، کە عەبدوڵا ئۆجەلان سەرەڕای ئەو ستەمەی کە لە سیستەمی گۆشەگیری ئیمرالیدا رووبەڕووی دەکرێتەوە، سیستەمی شارستانییەتی ناوەندی شرۆڤەکرد. کۆرادی ئاماژەی بەوەدا کە بارودۆخی ئیمرالی دژوارترە لە دۆخی زیندانی کردنی گرامشی کۆمۆنیستی ئیتاڵی. پ.د لاورا ماریا کۆرادی ئەوەشی خستەڕوو: کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی کە پشتیوانی لە داواکاری گەلی کورد بۆ ئازادی دەکات، ئاستی زانیارییەکی بەرزی هەیە سەبارەت بەوەی کە لەم ساڵانەدا بەسەر عەبدوڵا ئۆجالاندا هاتووە. ئەوەش دەزانرێت کە ٢٠ ساڵە حەز و پێشوازی لە نووسینەکانی هەیە و هەروەها کاریگەری ئەندێشەکانی ئازادی ئەو کاریگەرییان لەسەر سەدان هەزار کەس داناوە. پێم وایە ئەمە نابێت لەبیر بکرێت. زۆرێک لەو کتێبانەی کە عەبدوڵا ئۆجەلان لە ماوەی سەرەتای زینداندا نووسیویەتی، لەوانەش کۆمەڵناسی (سۆسیۆلۆژیای) ئازادی، بە چەندین زمان چاپ کراون و ئەمەش زۆر گرنگە. تەنانەت هەندێک جار قەدەغە دەکرا کە پێنوسێک لە ژوورەکەیدا هەڵبگرێت. سەرەڕای ئەمەش توانی شیکارییەکی ئاست بەرز لەبارەی سەرمایەداری و دەوڵەت و پیاوسالاری بەرهەم بهێنێت و رۆڵ و جێدەستێکی بەرچاوی لە تێکۆشانی ئازادی زۆر کەس لە سەرانسەری جیهاندا کرد. لە کتێبەکەیدا باس لە جریوە و ئاوازی باڵندەیەکی قەفەس دەکات و ئەمەش زۆر کاریگەرە، چونکە دەڵێت جریوەی باڵندەی قەفەس پەیامی ئازادییە، داواکاری ئازادییە. کتێبەکانی ئەویش ئاواز و جریوەی باڵندەی ناو قەفەسە”.