پارێزەران بۆ بینینی ڕێبەری گەلی کورد داواکارییان پێشکەشکرد

پارێزەرانی ڕێبەری گەلی کورد بۆ بینینی بریگرتەکەیان لە زیندانی دوورگەی ئیمرالی داواکاریی دیداریان پێشکەشی کاربەدەستان کرد.

هەریەک لە مەزلوم دینچ، ئیبراهیم بیلمەز، نەورۆز ئویسال و سەربای کۆکلو، پارێزەرانی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد کە ماوەی ٢٢ساڵە لە دوورگەی ئیمڕالی بەدیل گیراوە، داواکاریی دیداری بریگرتەکەیان پێشکەشی داواکاری گشتی کۆماری بۆرسا کرد.

داواکاری گشتیی کۆماری لە بورسا بە پاساوی نووسینی “نەخشەڕێ”، کە ڕێبەر ئۆجالان لەگەڵ پارێزنامەکانی پێشکەشی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپای کردبوو، ڕایگەیاندبوو، لە ٢٣ی ئەیلولی ٢٠٢٠ـەوە بۆ ماوەی ٦ مانگ هەموو چاوپێکەوتن و سەردانێکی پارێزەران بۆ ئیمرالی قەدەغە دەکەن، سەرباری ئەوەی ماوەی ئەو قەدەغەکارییە لە ٢٣ی ئاداری ٢٠٢١ـدا کۆتایی پێهاتووە، بەڵام وێڕای ڕۆژانە سەرلێدان کردنی پارێزەران بۆ چوونە ئیمراڵی، داواکارییەکانیان بۆ ئەنجامدانی چاوپێکەوتن ڕەت دەکرێتەوە.

پارێزەران دوای ٨ ساڵ ڕێگریی، لە ٢ی ئایاری ٢٠١٩ و لە دوایین جاریشدا لە ٧ی ئابی ٢٠١٩ دا توانیبویان چاویان بە رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بکەوێت.

ک-ش