پارێزەران بۆ ئەنجامدانی دیدار داوای ڕۆیشتن بۆ ئیمراڵیان کرد

پارێزەرانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ موەکیلەکانیان، کە ماوەی ٢ ساڵە لە گۆشەگیرییەکی قورسدان، سەردانی بەرپرسانیان کرد.

داواکاری بۆ ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لەلایەن پارێزەرانی نووسینگەی یاسای ئاسرین، ڕیزان ساریجا، ڕەزاییە ئۆزتورک، فایەق ئۆزگور ئەرۆل و مەزلوم دینچ-ەوە پێشکەش کرا.

پارێزەران بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ موەکیلەکەیان عەبدوڵا ئۆجالان، داوای دیداریان لە داواکاری گشتیی بورسا و بەڕێوەبەرایەتیی سزاکانی ئیمراڵی کرد.

هەروەها پارێزەران بۆ ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ زیندانییەکانی دیکە عومەر خەیری کۆنار، حامیلی یڵدرم و وەیسی ئاکتاش لە ئیمراڵی داوایان پێشکەشکرد .

نوسینگەی یاسای ئاسرین لە ۲ی ئایار دا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، "لە ۲٥ی ئازاری ۲۰۲۱ەوە هیچ هەواڵ و زانیارییەکمان لە عەبدوڵا ئۆجالان نییە."

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، "هەرچەندە پارێزەران و بنەماڵەکان داوای چاوپێکەوتن و دیدار دەکەن، بەڵام ئێمە ئاگاداری بارودۆخی ژیان و تەندروستی عەبدوڵا ئۆجالان و هەر سێ زیندانیەکەی دیکەی ئیمراڵی نین. ئه م دۆخه ئێمه و کۆمەڵگەی نیگەران کردووە".

ژ.ت