پارێزەران بەمەبەستی دیدار لە گەڵ رێبەری گەلی کورد داواکارییان پێشکەش کرد

پارێزەرانی نوسینگەی یاسایی سەدە بۆ ئەوەی بتوانن موەکیلەکەیان رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ببینن، سەرلەنوێ داواکارییان پێشکەش کرد.

داواکارییەکە لە لایەن پارێزەرانی نوسینگەی یاسایی سەدە رازیە ئۆزتورک، رەزان ساریجا، فایەق ئۆزگور ئەرۆڵ و مەزڵوم دینچەوە بەرزکرایەوە.

پاڕێزەران بۆ دیدار لەگەڵ موەکیلەکانیان عەبدوڵا ئۆجالان، عومەر خەیری کۆنار، حامیلی یەڵدرم و وەیسی ئاکتاش ببینن کە ٣٧ مانگە بە هیچ جۆرێک ناتوانن زانیاری لەبارەیانەوە وەربگرن، سەردانی داواکاری گشتیی کۆماری بورسا و بەڕێوەبەرایەتی زیندانی ئیمراڵییان کرد.

پەیوەندی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لەگەڵ دەرەوە بە تەواوەتی پچڕێندراوە. وەڵامی داواکارییەکانی ئەنجامدانی دیدار نادرێتەوە. هەندێک جار دوای چەند مانگ بە پارێزەران رادەگەیەندرێت کە سزای دیسپلین بڕاوەتەوە و ئەوە وەک پاساوی رێگری لە دیدارەکان نیشان دەدرێت.

هـ . ب