پارێزەرانی ڕێبەری گەلی کورد بۆ دیدار لە ئیمرالی داواکارییان پێشکەش کرد

پارێزەرانی فەرمانگەی یاسایی سەدە بۆ دیدار لەگەڵ موەکیلەکەیان ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کە ماوەی ٣٨ مانگە هیچ هەواڵێکی لێ نەبیستراوە داواکاری نوێیان پێشکەش کرد.

لە پارێزەرانی فەرمانگەی یاسای سەدە ڕازیە ئۆزتورک، ڕێزان ساریجا، فایق ئۆزگور ئەرۆڵ و مەزڵوم دینچ بۆ دیدار لەگەڵ موەکیلەکەیان، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، کە لە زیندانی ئیمرالی لە ژێر دۆخی گۆشەگیری سەختدا دیل گیراوە و ماوەی ٣٨ مانگە ڕێگە نادرێت هیچ زانیاریەک بەدەست بنەماڵە و پارێزەرەکانی بکەوێت، داواکاری چاوپێکەوتنیان پێشکەشی داواکاری گشتی بورسا و بەڕێوبەرایەتی زیندانی ئیمرالی کرد. لە هەمان کاتدا داوای چاوپێکەوتنیان لەگەڵ زیندانیانی دیکەی ئیمرالیێ، عومەر خەیری کۆنار، حامیلی یڵدرم و وەیسی ئاکتاش کرد.

کۆبوونەوەکان ئاستەنگ دەکرێن

ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و سێ زیندانی دیکەی ئیمرالی مافی دیداریان لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەرانیان بە بیانووی "سزای دیسپلین"ـەوە ئاستەنگ دەکرێت. لە نێوان ساڵانی ٢٠٢١ بۆ ٢٠٢٣ لانیکەم ٥ جار سزای دیسپلین هەرجار بۆ ماوەی ٣ مانگ بەسەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و زیندانیانی دیکەی ئیمرالی سەپێنراوە.

سەرەڕای هەموو تانە و ناڕەزایەتییەکان، هۆکاری سزا دیسپلین و ژمارەی دۆسیەکان بە پارێزەران ڕانەگەیاندراوە. دەسەڵاتی دادوەری هۆکاری ڕانەگەیاندنی ژمارەی دۆسیەکان وەها نیشان داوە کە "لە میدیاکاندا بڵاو دەکرێتەوە."