په‌رله‌مانتاری سویسڕی: كۆتایی به‌ شه‌ڕ له‌ دژی كوردان بهێنن

په‌رله‌مانتاری سویسڕی فابیان مۆلینا له‌ رێگه‌ی هه‌ژماری خۆی له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بانگه‌وازی بۆ راگرتنی شه‌ڕ له‌ دژی كوردان كرد. داوای له‌ حكومه‌تی بێرن كرد كه‌ رێوشوێن به‌رامبه‌ر ئه‌ردۆغان و كه‌سانی ده‌وروبه‌ری بگرێته‌به‌ر.

په‌رله‌مانتاری په‌رله‌مانی نه‌ته‌وه‌یی سویسڕا فابیان مۆلینا له‌ پارتی سۆسیالیست بۆ كۆتاییهێنان به‌ هێرشه‌ داگیركارییه‌كانی ده‌وڵه‌تی تورك له‌سه‌ر رۆژئاوا و باشوری كوردستان، له‌ هه‌ژماری خۆی له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان په‌یامێكی ڤیدیۆیی بڵاوكرده‌وه‌.

مۆلینا كه‌ هاوكات وته‌بێژی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی پارتی سۆسیالیسته‌ هه‌ستیاری رای گشتیی نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ سه‌ر شه‌ڕی روسیا له‌ ئۆكرانیای به‌ بیرهێنایه‌وه‌ و رایگه‌یاند، كه‌ هه‌مان هه‌ستیاری له‌ دژی شه‌ڕ بۆ سه‌ر كوردان نیشان نادرێت. مۆلینا ئه‌م بانگه‌وازه‌ی ئاراسته‌ی حكومه‌تی بێرن كرد:

"كاتێك له‌و دیمه‌نه‌ ده‌ڕوانیت، سه‌رۆككۆماری تورك ئه‌ردۆغان له‌ باكوری عێرراق و باكوری سوریا دوو شه‌ڕی خوێناوی به‌ڕێوه‌ده‌بات. رای گشتی نێونه‌ته‌وه‌یی كه‌ به‌ ناڕه‌زایه‌تی و پشتیوانیه‌كی گه‌وره‌وه‌ به‌رامبه‌ر شه‌ڕی ئۆكرانیا وه‌ستایه‌وه‌، ئه‌و دوو شه‌ڕه‌ی له‌ بیركردووه‌. هه‌ربۆیه‌ سویسڕا له‌ دژی ئه‌ردۆغان و ده‌وروبه‌رییه‌كانی كه‌ ئه‌م شه‌ڕه‌ به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن ده‌بێت رێكاری پێویست بگرێته‌به‌ر. پاراستنی یاسای نێونه‌ته‌وه‌یی و جێبه‌جێكردنی ئه‌و یاسایه‌ بۆ سویسرا به‌رده‌وام گرنگ بووه‌. ئه‌م شه‌ڕه‌ی له‌ دژی كوردان رابگرن".

هـ . ب