پۆلیسی فەرەنسا بە پاساوی "سوکایەتیکردن بە ئەردۆغان" وتەی لە وەدات بینگۆل وەرگرت

فەرەنسا بە گوشار خستنە سەر کورد پەیام بۆ حکومەتی ئەردۆغان دەنێرێت. ئێستاش پۆلیسی فەرەنسا بە پاساوی "سوکایەتیکردن بە ئەردۆغان" لێکۆڵینەوەی لە سیاسەتمەداری کورد وەدات بینگۆل دەکات.

پۆلیسی فەرەنسا، کە چەند رۆژ لەوە پێش هەڵیکوتایە سەر رێکخراوە کوردییەکان و وەک پۆلیسی دەوڵەتی تورک دەرگای رێکخراوەکانیان شکاند و ١٢ کەسیان دەستگیرکرد، بە کارێکی تریان لە دژی کوردانی دانیشتوی فەرەنسا، ناڕەزایەتییان لە دژی خۆیان دروستکرد.

وەدات بینگۆل هاوسەرۆکی پێشووی کۆمەڵگەى دیموکراتیکی کورد لە فەرەنسا (جەدەکە - فەرەنسا) لەلایەن پۆلیسی فەرەنساوە بانگ کراوە بۆ ئەوەى وتەى لێوەربگیرێت. کاتێک وەدات بینگۆل رۆیشتووە بۆ بنکەى پۆلیس، پۆلیسەکان بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی داواکاری گشتیی دەوڵەتى تورک وتەیان لێوەرگرتووە.

لەوبارەیەوە بینگۆل رایگەیاند، پۆلیسەکان بەهۆی سکاڵایەکی داواکاری گشتیی دەوڵەتی تورک و بە پاساوی "سوکایەتیکردن بە ئەردۆغان" وتەیان لێوەرگرتم.

بینگۆل رەخنەى لەو رەفتارەی پۆلیسی فەرەنسا گرت و وتی، لێکۆڵینەوەى تورکیا لە فەرەنسا ئەنجام دەدرێت و وتیشی، "ئاخۆ دەسەڵاتی فەرەنسا بە فەرمانی ئەردۆغان دەجوڵێتەوە؟".

وەدات بینگۆل لەسەر تویتەرەکەیدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "حکومەتی فەرەنسا بە رێگایەکی مەترسیداردا دەڕوات" و داوایکرد، فەرەنسا کۆتایی بەو سیاسەتە "شێتانەیە" بهێنێت.

ژ.ت