پرۆفیسۆر پایچ: ئیمرالی رەشترین لاپەڕەی ئەوروپایە

پرۆفیسۆر نورمان پایچ پسپۆری سیاسەت و یاسا نێودەوڵەتیەکان تیشک دەخاتە سەر دووڕوویی و بێدەنگی ئەوروپا لە بەرامبەر سیستم و گۆشەگیری ئیمرالی و دەڵێت:"ئیمرالی لە رووی یاسا و مافەکانی مرۆڤەوە رەشترین لاپەڕەی ئەوروپایە."

 پرۆفیسۆر نۆرمان پایچ کە پسپۆڕێکی بواری سیاسەت و یاسا نێودەوڵەتیەکانە و بە رەگەز خەڵکی ئەلمانیایە و لە سەرتاسەری ئەوروپا کەسایەتیەکی ناسراوە، لە نزیکەوە لێکۆڵێنەوە لە بارودۆخی عەبدولا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد دەکات.

پرۆفیسۆر نورمان پایچ لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات باسی گۆشەگیری سەر عەبدولا ئۆجالان رێبەری گەلی کوردی و کاریگەری ئازادی ئۆجالان لەسەر ئاشتەوایی ناوچەکە کرد.

'بەدیلگرتن و گۆشەگیرکردنی ئۆجالان تاوانێکی نامرۆڤانەیە'

پرۆفیسۆر پایچ کە پێشتر چەند جارێک لە نزیکەوە چاوپێکەوتنی لەگەڵ ئۆجالان ئەنجام داوە، تیشکی خستە سەر بەدیلگرتنی ئۆجالان و وتی:"بەدیلگرتنی مرۆڤێکی هێژای وەکو ئۆجالان بۆ ماوەیەکی هێندە دوور و درێژ و هاوکات گۆشەگیرکردنی بەم شێوە توندکراوە، تاوانێکی گەورەی نامرۆڤانەیە. بێگومان لێرەدا ئەوروپا رۆڵێکی گرنگی هەیە، چونکە بە تایبەت ئەلمانیا و ئەوروپا بە گشتی، سووربوون لەسەر ئەوەی هیچ پەیوەندیەکیان بە تێکۆشانی ئازادیی گەلی کوردەوە نیە. ئەوروپا کە رۆڵی هەبووە لە پارچەکردنی کوردستاندا، هاوکات پشکی هەیە لەو کێشەیەدا، لە جیاتی ئەوەی لەگەڵ کورد بجوڵێتەوە کە تێکۆشانێکی رەوا بەڕێوە دەبەن، بە پێچەوانەوە لەگەڵ رژێمەکەی ئەردۆغان تاوانی ئەنجامدا، لە کاتێکدا کە ئەو رژێمە رێکخستنێکی تاوانە. کاتێک لەم رووەوە شیرۆڤەی بۆ دەکرێت، باشتر روون دەبێتەوە کە بەڕێز ئۆجالان بۆچی لە زینداندایە."

'سیستمی گۆشەگیری و بەندیخانەی ئیمرالی، رەشترین لاپەڕەی سیاسەتی ئەوروپایە'

پرۆفیسۆر پایچ رایگەیاند، بەندیخانەی ئیمرالی کە رێبەری گەلی کوردی تێدا بەدیل گیراوە و هاوکات سیستمی گۆشەگیریەکەی ئەو بەندیخانەیە، لە رووی سیاسەتی مافی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتیەکانەوە بۆ ئەوروپا رەشترین لاپەرەیە و بەم شێوەیە باسی لێوە کرد:"ئەم بارودۆخە هاوکات بۆ ئەلمانیاش راستە. سیستمی ئیمرالی لە رووی سیاسەتی مافی مرۆڤ و یاساکانی ئەلمانیاشەوە، لاپەڕەیەکی رەشە. وڵاتانی ئەوروپا و بە تایبەت ئەلمانیا، چاوی خۆیان لە بەرامبەر سیاسەتی هێرشکارانەی ئەردۆغان و داگیرکردن و تاڵانکردنی عەفرین و داگیرکردنی رۆژئاوا و هێرشەکانی سەر باشوری کوردستان داخستووە. راستە ئەم سیاسەتەی ئەردغان لە پایتەختەکانی ئەوروپا لە لایەن رای گشتیەوە بەردەوام رەخنە دەکرێت، بەڵام لە رووی پراکتیکەوە هیچ هەڵوێستێک نەخراوەتەڕوو و ئەردۆغانیش قۆناغ بە قۆناغ بەرەو پێشەوە هەنگاو دەنێت. هۆکاری هاوکاریی نێوان دەوڵەتی تورک و وڵاتانی رۆژئاوا، بەر لە هەموو شتێک ئەوەیە کە تورکیا وڵاتێکی ئەندامە لە ناتۆیەدا، هاوکات ئەردۆغان کەیسی پەنابەران وەکو کارتێکی فشار بەکار دێنێت. لێرەدا ناکۆکیەکی گەورە هەیە؛ ئەو شەڕەی دەبێتە هۆی پەنابەری و ئاوارەبوون، وڵاتانی رۆژئاوای لەپشتەوەیە. لە لایەکی ترەوە، بۆ ئەوەی پەنابەران نەگەن بە وڵاتانی رۆژئاوا، سەر بۆ هەڕەشەکانی ئەردۆغان دادەنوێنن."

'فیکر و رامانەکانی ئۆجالان لە رۆژئاوا بوون بە واقیع'

پرۆفیسۆر پایچ ئاماژەی بەوە کرد کە یەکەمین چاوپێکەوتنی لەگەڵ عەبدولا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد، ساڵی ١٩٩٦ لە شام بوو، وتیشی:"لەو چاوپێکەوتنەدا گۆتوبێژێکی تێروتەسەلمان لەبارەی مافی پێگەی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کرد. لە چاوپێکەوتنەکەدا، ئەو (ئۆجالان) وتی، کورد لە ناو سنوورەکانی دەوڵەتاندان، بۆیە لە جیاتی دامەزراندنی کوردستان، باسی لە فیدیارسیۆنی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرد. رایگەیاند کە، تەنها دەتوانرێت بە ریگای سیستمی فیدراسیۆن، کورد و گەلانی تر بە شێوەیەکی ئازاد و یەکسان بەیەکەوە بژین. ئاماژەی بەوەش کرد کە، فیدراسیۆنێک کە تێیدا رێنوێنیەکانی ئاشتی بنرخێنرێن، ئەوکاتە سنورە دەستکردەکانی پێشووتر بە تێپەڕبوونی کات لەناو دەچن و بەم شێوەیە بێگومان مافی هەموو گەلانی ناوچەکە بەدی دێت. دوای چەندین ساڵ ئەم پرۆژەیە لە رۆژئاوا (رۆژئاوای کوردستان) بوو بە واقیع و لەوێ بەڕێوەبەریەکی دیمۆکراتیک بونیاد نرا و گەلانی ئەو هەرێمە بە شێوەیەکی یەکسان جێی خۆیان تێدا کردووەتەوە. ئەم سیستمە لە ئەنجامی فیکر و رامانەکانی ئۆجالان بونیاد نرا. ئەمە یەکەمین و سەرەتاییترین هەوڵە، بۆیە بووەتە ئامانجی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک. بێدەنگی جیهانی رۆژئاواش، بە بڕوای من لە رووی مافی مرۆڤ و دیمۆکراسیەوە، قوڵترین برینی وڵاتانی رۆژئاوایە."

'ئەگەر ئۆجالان ئازاد ببێت، لە ناوچەکە قۆناغێکی نوێ دەست پێدەکات'

پرۆفیسۆر پایچ لە بەردەوامی قسەکانیدا جەختی کردەوە کە ئازادی عەبدولا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رێگا بۆ قۆناغێکی نوێ دەکاتەوە و وتیشی:"بە بڕوای من، ئازادی ئۆجالان، دەبێتە هۆی بەدیمۆکراتیکبوونی هەموو دەوڵەتانی ناوچەکە و بۆ گەلانی ناوچەکەش رێگا بۆ ژیانێکی یەکسان و ئازاد دەکاتەوە."

لە کۆتایی قسەکانیشیدا پڕۆفیسۆر پایچ رایگەیاند، ئۆجالان چەندین ساڵە هێڵی ئاشتی و دیمۆکراسی دەپارێزێت و وتی:"ئەم هەڵوێستەی ئەو، نەک تەنها بۆ گەلی کورد، بەڵکو بۆ هەموو گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش گرنگ و هێژایە."

ز.ش