پەرلەمانتارانی عێراق لە دژی داگیرکەری دەستبەکار بوون

پەرلەمانتارانی عێراق لە دژی هێرشە داگیرکەرییەکان و تاڵانکردنی سروشتی باشووری کوردستان لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە، دەستیان بە هەوڵ و جموجوڵ کرد.

لە ناو پەرلەمانی عێراق دا لە دژی هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتى تورک هەوڵ و جموجوڵەکان دەستیانپێکرد. ٤ پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی عێراق بە ناوەکانی سەرکەوت شەمسەدین، غالب محەمەد، کاوە محەمەد و موسەنا ئەمین لە دژی داگیرکەریی دەوڵەتی تورک داوانامەیەکیان رادەستی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق کرد.

لە راگەیاندراوێکدا، کە ٥١ پەرلەمانتاری عێراق ئیمزایان کردووە تیایدا هاتووە، "ئێمە لە دژی هەوڵە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ وێرانکردنی سروشتی کوردستان، دەستمان بە هەوڵە سیاسییەکانمان کردوە.

 دوای هێرش و دەستدرێژییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر گوندەکانی دهۆک، هەولێر و سلێمانی و هێنانی کۆمپانیا بۆ وێرانکردنی سروشت و خاکی کوردستان، ئێمە بە ئیمزای ٥١ پەرلەمانتار داوامان لە پەرلەمانی عێراق کردووە، لیژنەیەکی تایبەت دروست بکات.

ئەو لیژنەیە لە لیژنەکانی ناوخۆ، بەرگری و پەیوەندییەکانی دەرەوە پێبکهبێنرێت و بۆ ئەوەى ئارامی بۆ ناوچەکە بگەڕێتەوە دەستبەکار و هەوڵەکانیان بکەن. دەبێت هەموو لایەنەکان ئاگادار بکرینەوە بۆ ئەوەى رێگری لە بڕینەوەى دارەکان و تاڵانکردنی سروشتی کوردستان لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بکرێت".

ژ.ت