لە ئەوروپا ناڕەزایی لە دژی قەدەغەی سەر پەکەکە لە زیادبووندایە. لە ١٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ دا بە پێشەنگایەتیی "دەستپێشخەریی دادپەروەری نێونەتەوەیی بۆ کورد" هەڵمەتێک بەناوی "با پەکەکە لە لیستە تیرۆریستییەکان دەربهێنرێت" دەستیپێکرد. لەو ١٠٠٣ کەسە، کە هەڵمەتەکەیان واژۆ کردووە یەکێکیان خاتوو پێرنیل فراهم (Pernille Frahm) سیاسەتمەدار و ئەندامی پێشووی پەرلەمانی ئەوروپا و خەڵکی دانیمارکە. فراهم لەو بارەیەوە قسەی لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد و ڕایگەیاند، قەدەغەی سەر پەکەکە "پاداشتێکە بۆ تورکیای ئەردۆغان".
پیرنیل فراهم وتی: "لە ساڵی ٢٠٠١دا و کاتێک هێرشکرایە سەر دوو تاوەرەکەی نیویۆرک، لە ئەوروپا و جیهان زۆر شت گۆڕا، من ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا بووم. کاتێک پەرلەمان بڕیاری لەسەر هەندێک سیاسەتی نوێ بۆ شەڕ لە دژی تیرۆریزم دا من ئەندامی لیژنەی ماف و ئازادیی مەدەنی و دادپەروەری و کاروباری ناوخۆ (LIBE) لە پەرلەمانی ئەوروپا بووم. زۆر ڕوون بوو لیستی تیرۆر دەرئەنجامی دانوستانە سیاسییەکانی نێوان دەوڵەتە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا بوو، کە گوایە هاوپەیمانیی دژ بە تیرۆر بوو. بۆ هێرشکردنە سەر ئەفغانستان و عێراق پێویستی بە بنکەی ئاسمانیەکان لە تورکیا هەبوو. خەڵات و پاداشتی ئەوەش بۆ تورکیا ئەوە بوو، کە دوژمنانی ئەردۆغان بکەنە دوژمنی ڕۆژئاوا".
فراهم ڕایگەیاند، لیستی تیرۆر بەپێی بەرژەوەندیەکانی جیهانی ڕۆژئاوا ئامادەکراوە و ڕاشیگەیاند، ئەو لیستە بەپێی گۆڕینی بەرژەوەندیەکان نوێ دەکرێتەوە. فراهم دەرهێنانی ناوی موجاهیدینی خەڵقی ئێرانی لە لیستەکە بە نمونە هێنایەوە و وتی: لەم چەند ساڵەی دواییدا گروپێکی تریش ناوی لە لیستە دەرهێنرا. موجاهیدینی خەڵقی ئێران ئیدی لە لیستەکەدا نییە. ڕۆژئاوا ئیدی پێویستی بە هاوکاری سەرکردەکانیان لە ئێران نییە، بۆیە ئیدی پێویستیش ناکات لەگەڵ دوژمنەکانیان دا شەڕ بکەن".
فراهم ڕاشیگەیاند، لیستە تیرۆریستییەکان لە وڵاتانی ڕۆژئاوا لەسەر بنەمای 'ترس' دروست دەکرێن و وتی: "بەڵام لیستی تیرۆر لیستی ئەو گروپانە نییە، کە دەبێت لێیان بترسین، بەڵکو ئەمە لیستی ئەوانەیە، کە دوژمنانیەتیی و نەیارتی لەگەڵ 'دۆستە' ستراتیژیەکانی ئەمریکا و ئەوروپای ڕۆژئاوا دا دەکەن. تاکە هۆکاری هەبوونی پەکەکە لەو لیستەدا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە دوژمنی تورکیای ئەردۆغانە و دەوڵەتانی ڕۆژئاواییەکانیش پێویستییان بە پەیوەندی لەگەڵ ئەردۆغان دا هەیە".
فراهم تیشکی خستە سەر کەمیی کار بۆ لابردنی ناوی پەکەکە لە لیستی تیرۆر و ڕایگەیاند، بارودۆخی ئەوروپا گۆڕاوە و کۆمەڵگای ئەوروپاش تێگەشتووە. فراهام وتی: "لەم ساڵانەى دوایدا ئەو دۆخە دەگۆڕێت و بەڕای من تێکۆشانی دادپەروەری بۆ پەکەکە و کورد سەردەکەوێت، بەڵام پێش هەموو شتێک زۆر گرنگە، کە دەنگدەران لە ڕۆژئاوای ئەوروپا هەست بەم زوڵمە بکەن. ژمارەی ئەو پەرلەمانتارانەی، کە بڕیاریانداوە کار لەسەر ئەو بابەتە بکەن لە زیادبووندان و ئێمە لەسەر ڕێگای ڕاستین".
پێرنیل فراهم کێیه؟
پێرنیل فراهام لە ١ی نیسانی ١٩٥٤ لە دایک بووە. لە ساڵانی ١٩٩٠ بۆ ١٩٩٤ لەسەر لیستی پارتی گەلی سۆسیالیست ئەندامی فۆلکتینگ (پەرلەمانی دانمارک) بوو. لە ساڵانی ١٩٩٩ بۆ ٢٠٠٤ لە فراکسیۆنی چەپ سەوزی باکوور- فراکسیۆنی کۆنفیدرالی چەپی یەکگرتوو لە پەرلەمانی ئەوروپا بووە. بۆ ٢ خول ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا هەڵبژێردراوەتەوە. سیاسەتمەدار و مامۆستای دانیمارکییە. هەروەها بۆ ماوەی دوو خولی نێوان ساڵانی ١٩٩٨ و ١٩٩٩ و لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٧ و ٢٠١١ ئەندامی ئەنجومەنی پەرلەمانی ئەوروپا بووە.
ژ.ت