ڕێپێوانکەرانی ئازادی لە وێرانشار: کلیلی ئاشتی لە ئیمراڵییە

"ڕێپێوانی مەزنی ئازادی" لە ناوچەی وێرانشاری ڕحا بەردەوامە. پەرلەمانتاری دەم پارتی فەرید شەنیاشار گوتی: "کلیلی ئاشتی لە ئیمراڵیە. تا بەدیهاتنی ئەم ئاشتیە، ئەم ڕێپێوانە بەردەوامە".

سیاسەتمەدار و نوێنەری ڕێکخراوە جەماوەرییە دیموکراتیکەکان بە داخوازی ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری سیایس پرسی کورد "ڕێپێوانی مەزنی ئازاد"یان دەست پێ کرد، لە ناوچەی وێرانشاری ڕحا بە جۆشوخرۆش پێشوازیان لێ کرا.

جەماوەر بە درووشـمی "بێ سەرۆک ژیان نابێ" و "بژی بەرخۆدانی ئیمراڵی" گەیشتنە بەردەم بینای دەم پارتی. لەوێ پەرلەمانتاری دەم پارتی، فەرید شەنیاشار گوتی: "ئەم ڕێپێوانە، ڕێپێوانی چارەسەر و ئاشتییە. کلیلی ئاشتی لە ئیمراڵییە، بەڕێز ئۆجالانە. تا بەدیهاتنی ئاشتی ئەم ڕێپێوانە بەردەوامە".

شەنیاشار دووپاتی کردەوە سیاسەتی شەڕ ٤٠ ساڵە بێجگە لە مردن و فرمێسک هیچی بۆ تورکیا نەهێناوە، تیشکی خستەسەر مانگرتن لە خواردنی زیندانیان و چالاکی دایکان، گوتی: "ئێمە بەرامبەر فشارەکان هەنگاو بۆ دواوە نانێین. تا بەدیهاتنی ئاشتی ئەم ڕێپێوانە بەردەوامە. موخاتەبی ئاشتی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالانە. پێویستە گۆشەگیری هەڵبگیرێت و ئاشتی پێک بێت. تا هەبوونی گۆشەگیری، تێکۆشان بەردەوامە".

ڕێپێوانکەران ئەمشەو لە وێرانشار دەبن و سبەی دەگەنە ناوچەی شەمرەخی مێردین.